پرۆفیسۆر دوکتور گوڵمراد مرادی، ڕووناکبیر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆلەری گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد

پرۆفیسۆر دوکتور گوڵمراد مرادی، ڕووناکبیر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆلەری گەورەی کورد و لە سیما ناسراوەکانی  فەرهەنگ و مێژووی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد، بەم بۆنەوە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە کە دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بە داخ و کەسەرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر دوکتور گوڵمراد مرادی، ڕووناکبیر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆلەری گەورە و لە سیما کاریگەر و ناسراوە فەرهەنگی، سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بیست.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە هۆی ئەم خەسارە گەورەیە ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری دوکتور گوڵمراد ، کۆمەڵگای فەرهەنگی و سیاسیی کوردستان، خەڵکی کرماشان و سەرپێڵ و گشت خەڵکی کوردستان دەکا و خۆی لەم خەمە دا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.
دوکتور گوڵمراد مورادی لە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣١٩ی هەتاوی لە سەرپێلی سەر بە کرماشانی پایتەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و پاش نزیکەی یەک سەدە خزمەت و تێکۆشانی کوردایەتی لە ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت .
ژیانی دوکتور گوڵمراد نموونەیەکی ڕوونە لە پێوەندیی ئێش و ژان و بەرپرسایەتیی تاکی کورد، مرۆڤێک کە زانستی نە تەنیا بۆ ناو و ناوبانگ بوو بەڵکوو لە پێناوی ڕاستی و دادپەروەری و خزمەت بە کوردایەتی بە کاری دەهێنا.
کارنامەی زانستی و فەرهەنگیی دوکتور گوڵموراد، لە وانە وتنەوە و لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی ئورووپا تا نووسین و وەرگیڕانی بەرهەمە ناوازەکان لە پێوەندی بە مێژوو، کۆمەڵگا، پرسی نەتەوایەتی و میراتی مەعنویی ئایینی کوردیی یارسان، بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەو هەمیشە هەوڵی داوە دەنگی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەی کورد و ئایینی پیرۆزی یارسان بە شێوەیەکی زانستیانە بگێڕێتەوە و پێشکەشی کۆمەڵگای بکا.
ئێمە لەو باوەڕەداین کە ناوگەلیکی وەک دوکتور گوڵموراد، بە کۆچی دوایی و مەرگیان خامۆش نابێ، بەڵکوو ڕێگە و ڕێبازەکەیان بەردەوام دەبێ، چونکە ڕێگەیەکیان کردۆتەوە کە ڕێگەی ڕۆشنگەری، زانست، داکۆکی لە کەرامەتی مرۆڤ و فرە چەشنیی فەرهەنگی و ئایینیە لە کوردستان.
سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی و ئارامی و سەبووری بۆ بنەماڵە و ئازیزانی بە ئاوات دەخوازین
یاد و ناوی بەرز و بەڕێز و ڕێگە و ڕێبازی رووناک و بەردەوام بێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووپەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ پێڕەوانی ئایینی یارسان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس
بابەتی دواترلایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵات دەکەن

Leave a Reply