پەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ پێڕەوانی ئایینی یارسان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس

بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس بەڕێز ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ڕوو بە پێڕەوانی ئایینی پیرۆزی یاری و گشت خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە ، لە بەشێک لە پەیامەکە دا هاتووە کە :
یارسانیەکان یەکێک لە بناغە سەرەکی و ڕەسەنەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بەشێکی دانەبڕاون لە نەتەوەی کورد و کوردستان، ئەوان لە مێژوو دا بە بەڵگەوە سەلماندوویانە کە پارێزەری ئایین و خاک و ڕەسەنایەتیی زاگرۆس و کوردەوارین.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خوشکان و برایانی یارسانی؛

بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و لە ناخی دڵمەوە پێتان دەڵێم “جەژنی سێ شەوەی یاران”  لە هەموو ئێوە و گشت کوردستانیان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەن پیرۆز بێ.

قەوەڵتاس تەنیا بۆنەیەکی ئایینی یان ڕووداوێکی ڕۆژژمێری نییە؛ بەڵکوو بەیاننامەیەکی مێژووییە لە مانەوەی شوناس و هۆویەتی نەتەوەی کورد، هێمایە بۆ ڕاستی و کەرامەتی مرۆڤایەتیی زاگرۆس، هێمای ئاشتیخوازیی نەتەوە و سەرزەمینێکە کە زیاتر لە یەک سەدەیە کەوتۆتە بەر شاڵاوی داگیرکەرانی “ئێران،عێڕاق،سووریە و تورکیە”.

یارسانیەکان یەکێک لە بناغە سەرەکی و ڕەسەنەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بەشێکی دانەبڕاون لە نەتەوەی کورد و کوردستان، ئەوان لە مێژوو دا بە بەڵگەوە سەلماندوویانە کە پارێزەری ئایین و خاک و ڕەسەنایەتیی زاگرۆس و کوردەوارین.

ئەمڕۆکە، کوردستان لە ژێر گوشار و هەڕەشەی مەترسیداری داگیرکەران دایە:
داگیرکەر  لە لایەک ئازادی، فرە چەشنی، ئایین،  ناسنامە و شوناسی ئێمەی کورد بە تاوان دەزانێ؛ و لە لایەک هەوڵ دەدا بە توندئاژۆیی ئایینی  و بە دروستکردنی ناکۆکی لە ناو ئایینەکانی تری ناو کوردستاندا هەم ئاژاوە دروست بکا و هەم لە ڕێگەی دووبەرەکی نانەوە درێژە بە داگیرکاریەکەی بدا.

لە وەها هەلومەرجێکدا، پەیامی قەوەڵتاس بۆ هەموومان ڕوون و بەرچاوە: کۆمەڵگایەک کە ڕێز لە فرەچەشنی خۆی نەگرێ؛ و نەتەوەیەک کە مافی یەکسان بۆ شارۆمەندانی دابین نەکا، داهاتووەکەی بە بارمتە گیراوە و ئازادی بۆ مسۆگەر نابێ.

لەم ڕوانگەوە، بە دەنگێکی زوڵاڵ و بەرز رایدەگەیەنم:

کوردستانی ئازاد و سەربەخۆی  سبەینێ، دەبێ وڵاتی یاسا بێ ؛ وڵاتێک کە تێیدا هیچ شارۆمەندێکی کورد بە هۆی ناو و ئایین، زمان و زاراوە،جلوبەرگ و نەریت و کلتوورەکانی لە ئەمنیەت و دەرفەت و پێگەی یەکسان و بەرابەر بێبەش نەبێ.
لە کوردستانی ئازاد و سەربەخۆ دا، یارسانی نە «کەمینەی شیاوی پاڵپشتی»،بەڵکوو جیا لەوەی بە شێوەی فەرمی، خاوەن هەموو مافێکی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتییە ،شەریک و هاوبەش و دامەزرێنەری دەوڵەت و خاک و کیانی سەربەخۆی کوردستانە و بەشدارە و بەشی سەرەکیە لە بنیاتنانی زاگرۆس و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

ئەمەش ئەسڵە نە تەنیا لە چوارچێوەی دروشم دا:

  • پارێزگاری و  پاراستنی کردەیی لە گیان و ماڵ و شوێنە پیرۆزە ئایینیەکان و هەر کەسێک ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەم ئایینە، دەکەوێتە بەر بەدواداچوون و لێپرسینەوە.
  • بە فەرمی ناسین و داننان بە شوناس و هۆویەتی ئایینی و فەرهەنگی و دەستەبەرکردنی ئازادیی ئایینی، پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتی.
  • بەشداریی ڕاستەقینە لە دەسەڵات و حوکمڕانی لە چوارچێوەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان و بە پێی سەروەریی یاسا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە سەربەخۆیی،بێ مانا و ناتەواوە ئەگەر ئەنجامەکەی نەبێتە ئازادی و بەرابەریی گشتی.

ئێمە بۆ شەکانەوەی ئاڵایەک تێدەکۆشین کە لە ژێر سێبەری ئەم ئاڵایە، هەموو کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوەی کورد بە گشتی بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ” یارسانی،ئێزیدی،مەسیحی،موسڵمان،جوو و …” نەک لە پەراوێزدا، بەڵکوو لە چوارچێوەی یاسا و کەرامەتدا بژین؛ و کوردستان “ماڵێکی هاوبەشی ئەمن و ئەمان” بێ بۆ هەمووان.

لەم جەژنەدا دەستی ڕێز و هاوسۆزی و یەکڕیزی و یەکگرتووییتان بۆ درێژ دەکەم و دەڵێم: کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد لەگەڵ ئێوەدا کامڵە و لە گەڵ ئێوە دا مانا دەگرێ ؛ ئەو داهاتووەی ئێمە پێکەوە بنیاتی دەنێین دەبێت شایەنی مێژوو و بیر و باوەڕ و قوربانیدانەکانی ئێوەی یارسانی بێ.

جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس پیرۆز و مبارەک بێ

هیوادارم ئەم سێ شەوە گەشاوەیە بەڵێنیی ڕۆژانی گەشاوەتر بێت بۆ هەموو کوردستان؛ ڕۆژێک کە هیچ باوەڕ و ناسنامەیەک ناچار نەبێ خۆی بشارێتەوە، و هیچ هاووڵاتییەک لە ترسی سبەینێدا نەژی، بە هیوای ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کورد و کوردستان، کوردستانێک کە لە ئایینی یاری دا خاکەکەی بە پیرۆز ناسراوە و فەلسەفەی ئەم ئایینەش کورد بوون و کوردستانی بوونە و ڕێگە و ڕێبازی پیرۆزی ئایینەکەش خەباتە لە پێناوی سەربەخۆیی ئەم خاک و نیشتمانە دا.

ئاشتیاکۆ پوورکەریم

سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبەیاننامەی هاوبەشی پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، شیراز، کرماشان، هەمەدان، ئەهواز و ناوچە و شارەکانی دیکە.
بابەتی دواترپرۆفیسۆر دوکتور گوڵمراد مرادی، ڕووناکبیر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆلەری گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد

Leave a Reply