بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە توندی هێرشی هاژەکی و مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە باشووری کوردستان و شاری هەولێر کە بووە هۆی شەهید بوونی یەکێک لە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە ئیدانە و مەحکووم دەکا.
بەپێی هەواڵەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی لە لایەن ڕژیمی ئێران و لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی ئەو ڕژیمەوە ئەم هێرشە ئەنجام دراوە.
ئەم هێرشە نیشانەیەکە لە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و گوێنەدانە بە یاسا نێونەتەوەییەکان، کە بە بەردەوامی لە لایەن داگیرکەرانەوە و یەک لەوان داگیرکەری ئێرانی دووبارە دەکرێتەوە.
دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، بە تایبەتی لە دوای ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” و ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران، ئاماژەن بۆ هەوڵەکانی ڕژیمی ئێران تاکوو قەیرانە ناوخۆییەکانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی و هاوکات بەم چەشنە دەیهەوێ ڕەوایی و مەشڕووعیەتی لە دەستچووی لە ناو ئێرانیەکاندا بە دەست بێنێتەوە و قەرەبووی شکستە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی بکاتەوە و هاوکات بە هێرش بۆ سەر نەتەوەی کورد و حیزبەکانی، خەڵکانی تری ناو جوغڕافیای ئێرانی پێ چاوترسێن بکا.
ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگەی شەهید «موزەففەر محەممەدزادە» و ئەندامان و ڕێبەریی پارتی ئازادیی کوردستان، لەو باوەڕە داین کە توندوتیژی ڕژیمی تاران، هێرشی نیزامی و مووشەکی، ترس و تۆقاندن نەک هەر ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی لاواز ناکا، بەڵکوو بەهێزتر و پێداگرتری دەکاتەوە لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی .
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان داوا دەکا لە:
- حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای هەڵگرتنی بەرپرسایەتیی پاراستن و پارێزگاری لە گیانی چالاکانی سیاسیی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان ، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دواداچوون بۆ ئەم دەستدرێژیانەی ئێران ، تورکیە و … بکا و ڕێوشوێنی یاسایی و نێونەتەوەیی بگرێتە بەر.
- کۆمەلگای جیهانی، نەتەوە یەکگریووەکان، یەکێتیی ئورووپا و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئەو هێرشانە کە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکانە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە ، بە توندی و بە کردەیی مەحکووم بکەن و هەنگاوی جیددی بۆ هەڵگرن.
- داوا لە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین«بە هەر بیر و بۆچوون و ئیدئۆلۆژیەکی سیاسیەوە کە هەیانە» لە بەرانبەر بە سیاسەتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان یەکڕیز و یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بن.
جارێکی دیکە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێداگری دەکەینەوە کە تاکە ڕێگەی چارەسەری پرسی کورد، خەبات و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسی و تا ئەو کاتەی پرسی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و خاک داگیرکراو ، چارەسەر نەکرێ، ناوچەکە ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
٢١ی ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی




































