بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و هەروەها بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتی و ئەحزابی سەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکان و چالاکوانانی سیاسیی بیانی کۆنفڕانسی  ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی مانگی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی بەرانبەر بە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٠ی کوردی و ١٩ی دێی ١٤٠٠ی هەتاوی کۆنفڕانسێک بە ئامادەبوونی میدیا و ڕاگەیەندنکارەکان و زۆر یەک لە لایەنە سیاسیەکانی کورد و بیانی بە مەبەستی  ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و دەقیقەیەک ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد.

هۆشیار وەیسی وەک دەستەی ڕێبەریی گشتی و بەڕێوەبەری بەرنامەکە  بەم چەشنە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند و گوتی:

پاش پێکهێنانی هاوپەیمانی لە لایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنی: ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد،یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان   لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ٢٠ کەس وەک ئەندامی ڕێبەریی گشتی هەڵبژێردران .

ئەندامانی دەستەی ڕێبەریی گشتی :

١- هۆشیار وەیسی

٢- دوکتور شادی قازی موکری

٣- فەرزاد ئەعزەمی تووتشامی

٤- مەنووچێهر پیرمرادی

٥- ئەفسانە شەکەری

٦- مەسعوود پەژووهی

٧- وەحید مرادی

٨- کاکی ئومید بەدری

٩- مێهرداد ڕەزایی

١٠- کاکی مەسی مورادی

١١- فەرهاد کەریمی

١٢- کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی

١٣- عەلی فەزڵی کەواڵی

١٤- سەردار وەلەدبەیگی

١٥- هێما سۆفی

١٦- جەماڵ پوورکەریم

 

دواتر لە کۆبوونەوەی ڕێبەریی گشتی دا ٥ کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردران کە بریتین لەو کەسانە:

کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی

هێما سۆفی

عەلی فەزڵی کاواڵی

سەردار وەلەدبەیگی

جەماڵ پوورکەریم

پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە کۆی دەنگ جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵبژێردرا.

دواتر جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی هاوپەیمانی باسێکی لە پێوەندی بە بەرنامە و کاری هاوپەیمانی پێشکەش کرد.

سەرۆکی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای بە خێر هێنانی میوانان و بەشدار بووان و لێکدانەوەیەکی سیاسی لە سەر دۆخی ئەمڕۆی  جیهان و کوردستان و ناوچەکە  گوتێ:

هەلومەرجی هەستیاری ئەمڕۆیی وا دەخوازێ کە هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە دەوری یەک پلاتفۆڕمی هاوبەش بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی کۆببنەوە و خالی هاوبەش ببێتە بنەمای پێکەوە کار کردن و کۆبوونەوە لە دەوری یەک مێز و یەک بەرە ، یا هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە سەرجەم لایەنە سەربەخۆییخوازەکانمان بانگهێشت کرد تاکوو بکەوێنە ڕێکەوتنێک بە دوور لە قازانج و بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی و لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی دا.

بێشک یەکڕیزی و پتەو کردنی ناو ماڵی کورد و سەربەخۆییخوازن ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و لەو پێوەندییە دا ئێمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە لە گەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییە سەربەخۆییخوازەکان بە هاوبەشی کۆببینەوە.

لەو هاوپەیمانییە دا کاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش دەکەین.

بەم چەشنە دەتوانین ببین بە ئادرەسێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و کوردستان ، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی و هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە لە گەڵ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی بە ناو کوردستانی ئێران.

پوورکەریم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جگە لە دوژمنانی کورد بەرهەڵستکاری هیچ کەس و لایەنێک نییە و هاوکات داوا لە نەتەوەکانی دیکەی وەک عەرەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، بەلووچ، کاسپیەن و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە دەکات تاکوو لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، دوژمنی هاوبەش و دراوسێیەتیی داهاتوو دا پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو لە هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکان کار و خەبات و چالاکی بکەین.

دەرگای هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی واڵایە و داوا دەکا بۆ بڕەودانی زیاتر و یەکگرتووانەتری خەبات بێنە ناو ڕیزی هاوپەیمانیەوە.

پاشان پەیامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی بە زمانی ئینگلیسی لە لایەن خاتوو گوڵزار ئەڵماسی و بە زمانی فارسی لە لایەن خاتوو ئەفسانە شەکەری خوێندرایەوە.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکە دا غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK   وێڕای پیرۆزبایی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە وتارێکدا گوتی:

ئەم هاوپەیمانێتییە لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێت كە رۆژهەڵاتی ناڤین هەر هەمووی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهاتی گرنگدایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەمەش دەبێ‌ كار بۆ یەکخستنى هێزو تواناکانمان بکەین، ئەم هاوپەیمانێتییە و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی كوردستانى كەوا تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان تێیدا بەشداربن, دەبێتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان ئەمەش وا دەکات کەوا لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری خۆمان زیاتر بسەلمێنین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە رەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە سەركەوتن یەكێتی و یەكدەنگی و یەكڕیزیمانە, ئەمەش تەنها بە پێکهێنانى هاوپەیمانیى نێوان لایەنە سیاسییەکان وبەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی دێتەدی.

مەخمووری لە کۆتایی قسەکانی دا وێڕای ئاماژە دان بە گرینگی پێکهێنانی وەها هاوپەیمانییەک گوتی:

هیڤیدارین رۆژهەڵاتی وڵات لە داهاتووی زۆر نزیكدا تەوقی زوڵم و چەوسانەوە بشكێنێت و رزگار و ئازاد بێت، هەروەها جەختدەكەینەوە سەر ئەوەی كە یەكێتی كوردان زامنی سەركەوتن و گەیشتنمانە بە سەربەخۆیی و ئازادی.

دواتر سەعید سەنەندەجی وەک نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە بەشێک لە پەیامەکە دا وێرای پیرۆزبایی هاتبوو کە:

کوردوستان وڵاتیکی داگیر کراوە و داگیرکرانی کوردستان بە سیاسەتی دەژە مرۆڤایەتی هەمووکاتێك بۆ پرژوبڵاوی ناو هیزە رزگاریخوازەکان تیکۆشان دەکەن. هەر بۆيە هەموو جۆرە یەکڕيزيەك وهاوئاهەنگیەك لە بەرامبەر داگیرکەران ،لەسەرەکیترين ئەرکی ماڵی کوردوستانيانە بۆگەيشتن بە ڕزگاری نەتەوەی و بەرەو پێش بردنی خەباتی نەتەوەکەمان. هەر لەم بۆارەدا کۆنگرەی نەتەوەییی کوردستان بڕوای بە پێويستی ڕێکخستنی بيڕو باوەڕە جياوازەکانە، کە زۆر پێویستە بۆ بەرەو پێشخستن و رێکخستنی هێزە سەربەخۆی خوازەکان لە هاوپەيمانيەکدا وەك کارێکی دروست دەبينێت لە پێناو ئەو دوزەدا. دەگونجینت.

هاوکات لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە داوای کرد تاکوو هاوپەیمانی لە ناو ک . ن . ک دا ببێتە ئەندام.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکە دا سیاهوو بەلووچ لە لایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی بەلووچستان پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش کرد و هیوای خواست دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ بتوانن زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە.

پاشان موهیم سەرخۆش بەرپرسی پێوەندییە دەرەکیەکانی حیزبی یەکگرتوویی نەتەوەیی بەلووچستان پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش کرد و هیوای خواست گەلی کورد و بەلووچ بتوانن ڕیزەکانی خەباتیان بە دژی ئێران و داگیرکەران یەک بخەن و هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن.

پەیامی پارتی ژیانی  ئازادی کوردستان پژاک لە لایەن هەڤاڵ زاگرۆس پێشکەش کرا ، لە پەیامەکەی پژاک دا وێڕای پیرۆزبایی هاوپەیمانی ، هیوایان خواست بوو کە وەک کورد بتوانین پێکەوە کاری هاوبەش و خەباتی هاوبەش بکەین.

چالاکی سیاسیی کورد ئیقباڵ سەفەری ویرای پیرۆزبایی گوتی: دروستبوونی وەها ڕەوتێک زەروورەت و پێویستیەکی مێژووییە کە دەبوو چەندین ساڵ لە مەوبەرەوە دروست کرابایە، هەر چەند ئەو ڕەوتە لە هەموو بوارەکانی، تەبلیغی و پڕوپاگاندای ڕژیمەوە دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە تەنانەت پان ئێرانی و سەڵتەنەت تەڵەبەکانیش دژی دەوەستنەوە.

لە درێژەی قسەکانی دا سەفەری ڕەخنەی لە هەڵویستی پێشوو و ئێستای بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات گرت کە پێیان وایە دەبێ ئێران دێموکراتیزە بکەن و دێموکراسی بۆ ئێران بە دیاری بێنن، بەڵام دروشمی حیزبێکی ناوچەیی نابێ بەم چەشنە بێ و چۆن حیزبێکی ناوچەیی دەتوانێ ئێران دێموکراتیزە بکا؟.

لە کۆتاییدا ئیقباڵ سەفەری گوتی: هیوادارین کە وەک ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێینە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.

دواتر ژنە چالاکوانی  مەدەنیی کورد شیلان ئاستەیی  وێڕای پێرۆزبایی هیوای سەرکەوتنی بۆ هاوپەیمانی و پرسی سەربەخۆییخوازی خواست.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکە دا لیزا فەلەکەددین کاکەیی پارلمانتاری کاکەیی لە سەر لیسی پارتی دێموکراتی کوردستان لە پارلمانی هەرێمی کوردستان باسێکی تێر و تەسەلی لە پێوەندی بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان پێشکەش کرد.

لیزا کاکەیی لە درێژەی قسەکانی دا وێرای ئاماژە دان بە کاکەییەکانی باشوور و یارسانیەکانی ڕۆژهەڵات و دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی لە یارسانیەکان گوتی: من لە حیزبێکەوە هاتووم کە خواستی سەربەخۆییە و جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی ئاڵاهەڵگری ئەو پرسەیە.

پاشان عەلی فەزڵی کاواڵی وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی لە لایەن خۆی و کۆمەڵگای یارسانەوە سوپاسی خاتوو لیزای کرد و گوتی: لیزا وەک یادگاری تاکە پێشەوای کاکەییەکان کاکە فەلەکەددین  جێگەی فەخر و شانازییە کە وەک ئافرەتێکی کورد پاڵپشتیی خۆی لە هاوپەیمانی و یارسانیەکان ڕاگەیاند و هیوادارم ببێتە دەنگی یارسانیەکان.

دواتر کاردۆ سەرباز سەرۆکی پەیمانگای ژنێڤ بۆ پێکەوە ژیان وێڕای راگەیاندنی پاڵپشتی و پیرۆزبایی گوتی: هیوادارم ئەو کارە پیرۆزە ببێتە هەنگاوێک بۆ هاندان و یەکگرتوویی زیاتری لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان.

چالاکی سیاسی و تێکۆشەری دیرین فاتح ئارەش وێڕای پیرۆزبایی خۆشحاڵیی خۆی لە حزوور و بوونی ژنان لە ناو ڕیزەکانی هاوپەیمانی دا دەربڕی و گوتی: پێکهێنانی هاوپەیمانی دەبوو ساڵانێک بایە کە کرابایە و ئێستاش هەنگاوێکی پیرۆز و بە جێیە و ڕۆڵی ژنان لەم هاوپەیمانییە دا جێگەی خۆشحاڵییە ، هەر وەک چۆن لە مێژووی ئێمەی کورد دا ژنان پێشەنگ و ڕێبەر بوون ئێستاش دەتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن و خەبات بەرەو پێش بەرن.

پەیامی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن نوێنەری ئەو بزووتنەوەیەوە ئازاد محەممەد زادە خوێندرایەوە:

لە بەشێک لە پەیامەکەی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هاتبوو کە : ئێمە ئەو هەنگاوە بەرز دەنرخێنین و هیودارین پڕۆژەی دەوڵەتی دێفاکتۆ کە پڕۆژەی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بخرێتە بەرنامەی حیزب و لایەنەکانی دیکەی کوردستانەوە .

لە درێژەی کۆنفڕانسەکە دا هۆشیار وەیسی ئەندامی ڕێبەریی گشتیی هاوپەیمانی پەیامی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی بە زمانی عەڕەبی پێشکەش کرد.

بەلووچ کەریمزادە، چالاکی سیاسیی بەلووچ پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش کرد و دواتر سەلاح ابو شەریف سەرۆکی بەرەی دێموکراتیکی گەلی ئەحواز پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە بەشێک لە پەیامەکەی دا هاتبوو:

پێکهاتنی لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی کوردستان هەنگاوێکی گرینگی ستراتیژییە، چونکە  هەم لاوازی و هەم بە هێزیی لایەنە کوردەکان هێز و لاوازیی هەموو نەتەوەکانی دیکەی وەک عەڕەبی ئەحوازی و تورکی ئازەری و بەلووچ و تورکمان و لایەنەکانی دیکەیە و یەکگرتنی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆتە هۆی بەرز بوونەوەی ڕووحیە و ورەی ئێمەش ،

ئێمە وەک نەتەوەی عەڕەب هەمیشە بە دوای سەربەخۆییەوە بووین و بە مەبەستی دروست کردنی دەوڵەتی ئەلئەحواز تێدەکۆشین و خەبات دەکەین و هیواخوازین لە داهاتوو دا دراوسێی باشی یەکتر بین .

دواتر و لە درێژەی کۆنفڕانسەکە دا سەردار وەلەدبەیگی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جارێکی دیکە وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربوان ڕایگەیاند کە: ئامانجی هاوپەیمانی گەیشتنە بە سەربەخۆیی و گەڕانەوەی کەرامەتی کورد و کوردستان ، وەلەدبەیگی گوتی: ئێمە دژی هیچ کام لە هێز و لایەنە کوردستانیەکانی دیکە نین و تەنیا دوژمنمان داگیرکەرانی کوردستانن.

پاشان کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای سپاس و بەخێر هێنانی بەشداربوون پەیامێکی پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی بە پرسی سەربەخۆییخوازیی گەلی کورد کرد و گوتی: نەتەوەی کورد لە مێژ ساڵە خەبات دەکا و لە پێناو گەیشتن بە خودموختاری و فیدراڵی دا خوێن و قوربانی دەدا و سەرەڕای تێچوویەکی زۆر کەمترین دەستکەوتمان نەبووە .

کاکی ڕۆستەم لە درێژە دا گوتی: سەربەخۆیی خەونی هەموو تاکێکی کوردە و ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، هەروەها ئێمە نە فیدارڵخواز و هیچ لایەنێکی تر لۆمە و ئینکار ناکەین کە بۆ چی بە دروشمی ئێرانی بوون و خودموختاری و فیدراڵی شۆڕشی کورد و کوردستانیان ماندوو و بریندار کرد، ئێمە ساڵەها لەو پێناوە دا کوژراین و بریندار بووین و جەستەمان لە دەست دا ، هیوادارم هەموو نەتەوەکانی خاک داگیرکراوی وەک عەڕەب و بەلووچ و تورکی ئازەری و کاسپیەن و باقی نەتەوەکانی تر وێڕای نەتەوەی کورد بتوانن بە خواستی سەرەکییان کە سەربەخۆییە بگەن.

دادود وەتەن دووست و هونەرمەند خەبات قوڕیشی لە بەشێکی تری کۆنفڕانسەکە کە وێڕای پیرۆزبایی ، هیوای سەرکەوتنیان بۆ هاوپەیمانی خواست.

لە کۆتاییدا سەرۆکی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جەماڵ پوورکەریم سپاسی سەرجەم بەشدار بوانی کرد و گوتی: ئەمڕۆ هێز قسەی یەکەم دەکا و یەکلایی کەرەوەی موعادلاتی جیهانییە ، ئەو هێزەش تەنیا  لە یەکگرتوویی دایە و بۆیە پێویستە وەک کورد پێکەوە هاودەنگ و یەکگرتوو بین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply