با مێژووی ڕابردوومان بکەینە وانە و دەرس و عیبرەت بۆ داهاتوومان

کورد هیچ کاتێک خوازیاری شەڕ نەبووە بەلکوو شەڕ بەر دەرگای پێگرتووە ئەو بەردەوام هەوڵی داوە ژیان وەک جوانترین چەمکی مرۆڤایەتی پێناسە بکات .

خەباتی لە پێناو ژیان دا بە لاوە جوان بووە ، بەڵام هەمیشە خەباتکارانی بەند کراون یان لە سێدارە دراون یان سنگیان بۆتە قەڵغانی فیشەک.

گەلی کورد هیچ کاتێک لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاوە و تەسلیمی هێز و ئیرادەی دوژمنان نەبووە . بەهەر حاڵ مێژووی کوردیش هەر وەکوو نەتەوەکانی تر پڕە لە ڕووداو و کارەساتی جوراو جور کە هیندیکیان وەک دەسکەوتێکی زۆر بە نرخ دەمینێتەوە و بەشێکیشی وەک تەوق ئەچنە یا باشتر وایە بڵیم چوونەتە گەردنی مێژووی کورد کە بەس لە بەر خاتری خاتران هەر رۆژە بە قیمەتی حەێسییەتی کورد مێژووەکەمان لی چەواشە دەکەن ، و راستیەکان روو لە زەواڵ .

مەبەست لە نووسینی مێژووی نەتەوەیەک و یان نووسینی ژیانی پێشەوایەک ئەوە نییە نووسەر هەر لایەنی چاکەکەی ئەو نەتەوەیە یان ئەو پێشەوایە باس بکا و بینووسێ و لە بەر خاتری خاتران چاو لە راستییەکان داپۆشێ ، بەڵکوو ئەبێ نووسەر بۆ مێژوو بنووسێ، لایەنی چاک و خراپیان چییە و چۆن ڕوویداوە ئاوا بە پارستنی ئەمانەتەوە هەمووی دەرخاو روونی بکاتەوە و بیان خاتە بەر چاو، بۆ ئەوەی چین و نەوەکانی دوایی نەتەوەکە بیانخوێنێتەوە و لە چاکەکەیان کەڵک و سوود وەرگرێ و لە خراپەشیان وانە و دەرس و عیبرەت.

لە مێژوو دا زۆر دەرفەتی سیاسی وا ڕێککەوتووە و بووە بە هۆی بە هەڵە دا چوون، بۆ زۆر پێشەواو پیاوی دڵسۆز، کە ئەو بە هەڵە چوونەیان بۆتە کەم و کووڕی لە ژیانی سیاسیاندا ، (کە بە داخەوە لە مێژووی کوردا نموونەیان زۆرن)نەک لە رەوشت و خوویاندا ، چونکە رەوشت و خووی تاکەکەسی جیاوازە لە کاروباری سیاسی ، زۆر پێشەوا و دەسەلاتدار لە مێژوودا هەن کە ئەبینین خاوەن جوانترین و خاوێنترین رەوشت و خوون و لە ماوەی تەمەنیان دا بە خاوێنی ناسراون ، کە چی لە کات و ماوەی دەسەڵاتداریاندا، دۆخ و ڕەوشی سیاسیی وەهایان بۆ خوڵقاوە کە نەیان توانیوە کەڵکی دروست و قازانجی لێوەربگرن و بە هەڵە دا چوون، جا ئەو بە هەڵە چوونەیان بووە بە کەم و کووڕی سیاسی و لە مێژوو دا بۆیان نووسراوەوە و لە سەریان کەوتووە، چونکە مێژوو بێڕەحمە و بەزەیی بە کەس دا نایە.

جا مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە کە سالانێکی زۆرە بۆ من من بۆتە داستانێکی دووبارە و چەند بارە ئەوەیە کە ساڵانیکی زۆرە رێز لە هاتنی ساڵیادی کوماری کوردستان لە مەهاباد دەگردریت و تەنانەت لە سالیادی ۷٠ ساڵەشی کە چێ بە هۆی میرات گرانیەوە ئەو کومارە وجاخ کوویرە و هەر یەکە و بە جوورێک و سەلیقەێک باس لە ئەو کومارە دەکەن و خویان بە دریژە دەری ئەو رێگایە دەزانن ،کە بە داخەوە نەک هەر رەوشت و خوویان کوماری خواز نین بەڵکوو کەوتونەتە ناو گێژاویکی بێ نیشان کە دوورە لە تاقەتی ئەم بابەتە و لێرە دا ناتوانین باس لە جوورەکانی ئەو نیشانانە بکەین ، بەڵام بێ گومان مێژوو رەحمی بۆ کەس نییە و قەزاوەت دەهیلینەوە بۆ ئەو…

ئەگەر بڵێین ، درەوشانەوە و کووژانەوەی ئەستێرەی کۆمار یەکێک لە هەرە رووداوە گرینگەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمی مێژووی کورد بووە کە شوێنەواری راستەوخۆ و نا راستەوخۆی بەربڵاوی لە سەر گۆرانکاییەکانی دوایی، لانیکەم کوردستانەکانی داگیرکراو لە لایەن ئیران و عیراقەوە بە جێ هێشت.

ئەمرۆ ۷٠ ساڵ دوای ئەم ئەزموونە ، زۆر فاکتەری جیاواز و جۆراوجۆری وەک پچرانە یەک لە دوای یەکەکانی ئەزموونە سیاسیەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیران لە دوای کۆمار و هەژاری و لاوازی فەرهەنگی و مێژوونووسی لە کوردستان کە تەنانەت مێژووی هاوچەرخیش دەگرێتەوە و هەروەها سیاست زدەیی ئەحزابی کلاسیک و کەمپ نشین زۆربەی رەهەندەکانی ژیان لەم دەڤەرە، کۆماری کوردستانیان وەک دەقێکی مێژوویی لێکردووە ، کە چەندین راڤە و خوێندنەوەی جیا جیا هەڵدەگری.

ئەگونجێ کە ئەم بابەتە بە دڵی زۆر کەس و لایان نەبێت بەڵام تێبینیەکان جیا لە یەکن و خامەی ئەم بابەتە بیرو ڕا و بۆچوونی تاکە کەسیی خوومە و بی گوومان بە مافی خۆمی دەزانم کە زۆر بە شەفافیەت و بە ڕوونی تێبینی و بۆچوونم دەر ببڕم.

هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پئ دا بۆ خوێندنەوەی هەر یەک لەو بەر بەستانە ، لە پشتی هەر کام لەم خوێندنەوە تایبەتیانەش دا هێزێک یان لایەنێکی سیاسی بەدی دەکرئ. جێی خۆیەتی کە ئاماژە بەم راستییەش بکری کە میراتگری سەرەکی و فەرمی کۆمار ئەمرۆکە ئەوەندە تووشی لاوازی دابران و قەیران هاتووە کە ناتوانی بە تەنها خاوەندارێتی بکا و تەنانەت لە نێو لیستی بە تۆمار و درێژی داواکارەکانی تا رادەیەکی زۆرەوە بخرێتە پەراوێزەوە.

هەڵبەت هاوکات لە گەڵ ئەم رەوتەی باسی لێکرا، لە نێوەراستی نەوەدەکانەوە و هەروەها لەمەولا بە داخەوە مەسەلەی کۆمار و هەژاریی میراتگرانی کۆمار وای کرد کە ئەو کەسانەی تازە هاتوونەتە ناو گۆڕەپان و مەیدانەکەوە زۆر بە سانایی ڕێڕەوی کۆمار بەرەو بازارەکانی بازرگانی بکێشن و خۆیان بە خاوەنی سەرەکیی ئەو سەرمایە نەتەوەییە بزانن کە جێی داخە!

بە داخەوە لە ئەدەبیاتی رۆشنبیری و سیاسیی ئەمڕۆمان دا ، هەژاری و دەسکورتیکی گەورەی دیرۆکی و مێژوویی وەبەر چاو دەکەوئ ،کە ئەو کەلێنە بووەتە هۆکاری گشت رەهەندە پۆزیتیڤ و بە هێزەکانی کۆمار کە بە گشتی شورشی رزگاریخوازی گەلەکەمانی لاواز کردووە.

لە حەقیقەتدا ، ناسینی مێژوو و بەکارهێنانی ، دەتوانێ ئەم مەودا و کەلێنە پر بکاتەوە .

کۆمەڵگایەک کە زانستی قووڵی لە رابردوو و مێژووی خۆی نەبێ، لە ناسینی ئەمرۆ و داهاتووشی دا ، تووشی گرفت دەبێ، کەوا بوو گەڕانەوەی زانستی بۆ مێژوو ،بەتایبەتی کۆماری کوردستان وەک ئەزموونێکی نموونە ، پێوێستییەکی حاشاهەڵنەگرە و پێوەندێکی ئورگانیکیشی هەیە لە گەڵ داخوازییەکانی ئەم بزاڤە کۆمەڵایەتییەی ئیستا بۆ خۆبەرێوەبردنی شارستانیانە و دیموکراتیکی گەلی کورد.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply