هاوپەیمانی سەربەخوییخوازانی کوردستان: هەوڵدانی کورد لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی بۆ دروستکردنەوەی ئێرانێکی تێکڕووخاو، هەڵەیەکی مێژوویی بوو.

٤٣ ساڵ لە مەوبەر لە ئەنجامی زوڵم و زۆرداریی ڕژیمی پەهلەوی، نەتەوە خاک داگیرکراوەکان دەنگی ئازادیخوازییان هەڵبڕی و توانیان تاج و تەختی داگیرکەری شاهەنشاهیی ئێران تێک بڕووخێنن.

٤٣ ساڵ لەمەوبەر، پاش ململانیەکی بێوچان و شۆڕشێکی دوور و درێژ لە لایان نەتەوە بندەستەکانی جۆگڕافیای سیاسی و دەستکردی ئێران و قوربانیدانێکی بێ ئەژمار لە پێناو دەستەبەر کردنی مافی ڕەوای چارەنووس ، کە دەکرێ ئاماژە بە شۆڕشگێڕانی وەک سەردار “سمکۆی شکاک” ، “قەدەم خێری لۆڕ” و “سەتار خان و باقر خانی” ئازەری و میرزا “کووچەک خانی” مازەندەرانی و تا دەگاتە ” پێشەوا قازی محەممەد” و “پیشەوەری” و دەیان سەرکردەی دیکەی ” کورد و ئازەری و تۆرکمان و عەرەب و بەلووچ و کاسپیەن و … ” لە دژی رەزا خان و حەمەرەزای کوڕی ، بەڵام لە پاش ڕووخانی سیستمی سەرکوتکەری پاشایەتیی بنەمالەی ” پەهلەوی “، شۆڕش و ئاکامەکەی لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا بە لاڕێدا بردراو لە لایان گروپێکی پان ئێرانیستی مەزهەبگەرای فەناتیکەوە لە ژیر ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران ، ڕەنجی خوێن و ئارەقەی گەلانی مافخواز دزرا و ، تاکو ئێستاش کە ٤٣ ساڵ بەسەر ئەو گۆڕانکاریە مەزنەدا تێدەپەڕێت، گەلانی بندەستەی ڕێژیمی دیکتاتۆر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە گشتی و گەلی کوردی رۆژهەڵات بە تایبەتی بەردەوامن لە ململانێی خوێناوی بۆ دەستەبەر کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس.

ئەوەی لێرە دا جێگەی هەڵوێستە لە سەر کردن و شیکاریی خەسارناسانەیە ئەوەیە کە :
لە شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی دا ئێرانیەکان توانیان گەلانی خاک داگیرکراو هەڵبفریوێنن و بە گشتی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویی گەلانی خاک داگیرکراو لە لایەن ئێرانیەکانەوە بە بیانووی دانوستان و وتووێژ بە تاڵان بردرا.
هەلێکی مێژوویی بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە ڕەخسا تاکوو خاک و نیشتمانیان لە ژێر چنگی داگیرکەری ئێرانی بێننە دەرەوە، بەڵام هەلەکە بوو بە دەرفەت بۆ ئێرانیەکان و لە ئەنجامی هەڵەی سیاسەتمەدارانی کورد و باوەڕ هێنان بە دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و وتووێژەوە ، ئێرانیەکان توانیان جارێکی دیکە ئێرانی تێکڕووخاو بە یارمەتی گەلانی خاک داگیرکراو سەر لە نوێ وەک خۆی و تەنیا بە لابردنی هەندێک لە مۆرەکان جارێکی دیکە دروستی بکەنەوە و تەنیا جێگەی تاج و تەخت گۆڕا بۆ عەبا و مێزەر.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ٤٣مین ساڵوەگەڕی بە لاڕێدابردنی شۆڕشی گەلانی خاک داگیرکراو و بە سەرنجدان بە هەڵومەرجی ئێستای جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چەند خاڵێکدا ڕای خۆی دەخاتە بەر ڕای گشتی:

ئەزموونی تاڵی دزینی ڕەنجی گەلانی مافخواز و دەسەڵات و حاکمیەتی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەمان پێدەڵێت کە جوگڕافیای سیاسیی ئێران و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی پان ئێرانیستەکان لە ژێر هەر ناوێک دا ، جێی متمانە و پێکەوە ژیان نین و بۆ دەستەبەر کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس تەنیا ڕێگا ” هەڵتەکاندنی ئەو جوگرافیایەی ئێستایە” و نەتەوەکانی کورد،بەلووچ، عەڕەب، ئازەری و کاسپیەن و … لە سەر خاکی خۆیان زۆرینەن و تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و نیشتمانیی خۆیان دەتوانن پارێزگاری لە شۆناسی نەتەوەیی خۆیان بکەن.

بەسەرنجدان بە ڕەوڕەوەی چارەنووسی دیکتاتۆڕانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و بەتایبەت لە وڵاتە داگیر کەرەکانی کوردستان ،دەبێت ئۆپۆزسیۆن و دژبەرانی ئێران، پێکهاتوو لە نەتەوە بندەستەکان و حیزب و ڕێکخراوەکانی خوازیاری مافی دیاریکردنی چارەنووس بێ دواکەوتن و بە خێرایی لە خەمی بەرەیەکی دێمۆکراتیک دابن بۆ قۆستنەوەی هەڵەکان و پێشگرتن لە دووبارە بونەوەی پیلانی نێودەوڵەتی و سازانەکانی پشتی پەردەی نەیارانی مافی ڕەوای چارەنووسی سیاسی هەرکام لە گەلانی بندەست.

هەر لەو پێوەندیەدا، داواکارین کەحیزب و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە بێ هێنانەوەی هەر چەشنە بیانوویەک هەنگاوەکانیان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی یەک بخەن و لەو بوارە دا ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین و وێڕای ڕێز ، پێشوازی لە پێشنیار و هەنگاوەکانتان دەکەین.

بژی کورد
پایەدار بێت کوردستان
هاوپەیمانی سەربەخوییخوازانی کوردستان
٢٢ی رێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی
١١ی فێورییەی ٢٠٢٢ی زاینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply