ئاگر لە نزیک گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەوروپا کەوتەوە

ئاژانسی پشکنەری ئەتۆمیی ئۆکراینا رایگەیاندووە، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لەلایەن هێزەکانی رووسیای فیدراڵەوە کۆنترۆڵکراوە و لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە چاودێری دەکرێت.

ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ستافی وێستگە ئەتۆمییەکە بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی وێستگەکە.

ئەمڕۆ ئاگر لە نزیک گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەوروپا کەوتەوە
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی 04-03-2022 لەنزیک وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەوروپایە، ئاگر کەوتەوە. ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی نزیک وێستگەکە بووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونە شوێنی رووداوەکە و دوای چەند کاژێرێک کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان راگەیاند.
لەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رووسیای تۆمەتبارکردووە بە “تیرۆری ئەتۆمی” و ویستی “دووبارەکردنەوەی” کارەساتی چێرنۆبیل.
سەرۆکی ئۆکراینا تکای لە سەرکردەکانی جیهان کرد کە بەهۆش خۆیان بێن و رێگری بکەن لە “مەرگی [ئەوروپا] بە کارەساتی ئەتۆمی” و گوتیشی، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە “هیچ وڵاتێک نییە جگە لە رووسیا”. زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمە یەکەمجارە لە مێژووماندا، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. دەوڵەتێکی تیرۆریست ئێستا پەنا بۆ تیرۆری ئەتۆمی دەبات”.
وێستگە ئەتۆمییەکە لە زاپۆریژیا، کە شارێکی پیشەسازییە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، 40%ی هێزی ئەتۆمیی وڵاتەکە دابیندەکات و بە گوتەی زێلێنسکی، لە کۆی 15 ریاکتۆر (کارلێکەری ئەتۆمی) شەشیان لەو شارەدان.
بەپێی راگەیێندراوی کیێڤ، ئاگرەکە لەدوای هێرشێکی سوپای رووسیا بۆسەر باڵەخانەیەکی  نزیک وێستگە ئەتۆمییەکە کەوتووەتەوە، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، “ئەمانە ئەو تانکانەن کە بە کامێرای حەراری پڕچەککراون، بۆیە دەزانن کە کوێ دەکەنە ئامانج”. بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوەی شارەکەش دوای چەند کاژێرێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە رایانگەیاند، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
بنکە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا بوونەتە خاڵی سەرەکیی نیگەرانییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای رووسیا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆسەر ئەو وڵاتە کرد و بۆردوومانی شارەکانی بە مووشەک و بۆمب دەستپێکرد.
زێلێنسکی دەڵێت، “ئەگەر [لە وێستگە ئەتۆمییەکە] تەقینەوەیەک رووبدات، ئەوە کۆتایی هەموو شتێکە. کۆتایی ئەوروپایە”، دەشڵێت، “تەنیا کاردانەوەی دەستبەجێی ئەوروپا دەتوانێت سەربازانی رووسیا بوەستێنێت”.
کاردانەوە جیهانییەکان 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای تۆمەتبارکرد بەوەی کە هەموو ئەوروپای خستووەتە مەترسییەوە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، “کردەوە بێباکانەکانی سەرۆک پووتین، ئێستا هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەلامەتیی هەموو ئەوروپا”، هەروەها داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش دەکات لە كاژێرەکانی داهاتوودا.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا قسەی کردووە و باسیان لە رووداوەکە کردووە.
هەروەها جێنیفەر گرانهۆڵم، وەزیری وزەی ئەمریکا لە تویتەر رایگەیاند، لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لەنزیک وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، قسەی لەگەڵ وەزیری وزەی ئۆکراینا کردووە و بڕیاریداوە کە “تیمی وەڵامدانەوەی رووداوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا” چالاک بکات.
وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت، “ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای رووسیا لەنزیک وێستگە ئەتۆمییەکە بێباکانەیە و پێویستە بوەستێندرێت”.
هەروەها جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لەنزیک گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەوروپا قسەی کرد و رایگەیاند، “ئەم هێرشە قبووڵنەکراوانەی رووسیا پێویستە دەستبەجێ بوەستێندرێن”
گەورەترین هێرش بۆسەر دەوڵەتێکی ئەوروپی لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پێدەنێتە رۆژی نۆیەمی، بەهۆیەوە باس لە گیانلەدەستدان  و برینداربوونی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆکراینی دەکرێت. ئابووریی رووسیاش لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە کراوەتە ئامانج و سزای ئابووری بەسەریدا سەپێندراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply