هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: بێدەنگی بەرانبەر بە هێرشی ڕژیمی داگیرکەری تورکیە بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان لە پێناوی چی دا؟

پەکەکە بیانوویە و ئامانجی ڕژیمی تورکیە لە هێرش و دەستدرێژی، تێکدان و داگیرکردنی زیاتری کوردستانە.

مێژوو شایەتی دەدا ، هەر کات گەلی کورد، لە سەرەتای قۆناغەکانی بەرەو سەرکەوتن و بە دەوڵەت بوون دابووە، چوار ڕژیمی داگیرکەری کوردستان(( ئێران، تورکیە، سووریە و عێڕاق)) پێکەوە، سەرەڕای هەموو ناکۆکیەکانی ناوخۆیان، لە بەرانبەر هێرش کردن و قەتلوعامی کورد دا کۆک و یەکدەنگ بوون و پیلانی هاوبەشیان بۆ هێرشکردن داڕشتووە و زۆر جاریش بۆ گەیشتن بە ئامانجی پیلانەکانیان کەڵکیان لە دووبەرەکی و ناکۆکیی ناوماڵی کورد وەرگرتووە.

شەڕ و پێکدادانەکان، هەلومەرجی هەستیاری جیهانی و ناوچەیی،خەریکن دەبنە فاکتەر گەلێک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نەقشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دا، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی داگیرکەرانی کوردستانی بە دوای خۆیدا هێناوە و جیا لە بە کار هێنانی هێزی چەک (( هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر و هێرشی تورکیە بۆ سەر قەندیل و ناوچەکانی ئامێدی و شیلادزێ ،زاپ و ئاڤاشین و دێرەلووک و هەروەها تل تەمر و هەندێ ناوچەی تری ڕۆژاوای کوردستان ))
ژوورە فکرییەکانیان بۆ لێدانی نەتەوەی کورد خستۆتە گەڕ .

شەڕی نێوان دوو وڵاتی ئۆکرانیا و ڕووسیە کە بەشێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، گرفتی گەورەی بۆ دابینکردنی هێزی وزەی جیهانی چ لە بواری نەوت و گازەوە و چ لە بواری بەرهەمە خۆراکییە سەرەکیەکان لە بەشی کشت و کاڵدا دروستکردووە، ئەوەش وایکردووە کە بەشێک لە وڵاتان بیر لە جێگرەوەیەک بە تایبەتی لە بواری وزە و یەک لەوان گازی سروشتی بکەنەوە، کە باشووری کوردستان لەو بوارە دا دەوڵەمەندە.

داگیرکەرانی کوردستان بۆ دەست بەسەر داگرتن و دروستکردنی کێشە لە مەڕ هەناردە کردنی نەوت و گازی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانیەکان، لە لایەکەوە ڕژیمی تورکیە بە بیانووی لێدان لە بنکەکانی پەکەکە، داگیرکاریی بەشێک لە باشووری کوردستانی کردۆتە ئامانج و بە شێوەی سیستماتیک و بە پیلانی لە پێشدا بەرنامە بۆ داڕێژراو ، لە هەوڵدایە پێشگیری بکا لەوەی کە کوردستان ببێتە موعادلەیەکی سیاسی و ئابووری لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی دا، لە لایەکی تریشەوە ڕژیمی ئێران بە بیانووی بووونی بنکە و ناوەندی ئیسرائیلی ، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئاسمانیەوە هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان.

لێرە دا هەر وەک چۆن، ئێران بنکە نەبووەکانی ئیسرائیل دەکاتە بیانوو بۆ هێرشکردن، تورکیەش پەکەکە دەکاتە بیانووی دەستدرێژییەکانی، واتە نە ئێران جورئەتی هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئیسرائیلی هەیە نە تورکیەش مەبەستی پەکەکەیە، ئەگەر ئێران مەبەستی بنکەکانی ئیسرائیل بایە ئەوە بنکە ئاشکراکانی ئیسرائیلی لە سەر سنوورەکانی لە گەڵ ئازەربایجان دەکردە ئامانج.

ئێران و تورکیە بە چاوساخی و چرا سەوزی عێڕاق و سووریە لە هەوڵی تێکدانی قەوارەی سیاسیی باشوور و ڕۆژآوای کوردستان دان .

وڵاتانی زلهێزی جیهانی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە نەتەوەی کورد، دەتوانێ پارسەنگ و هێزی یەکلاکەرەوە و سەرەکیی نەقشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ، بەو مەرجەی کورد بۆ خۆی بیهەوێ و بتوانێ ئەو دەرفەتە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە.

بۆیە لە ئێستا دا هەلومەرجەکە وا دەخوازێ کە هێز و لایەنە کوردستانیەکان بە وەلانانی جیاوازیی بیر و بۆچوون و لە سەر بنەمای کورد بوون و کوردستانی بوون ، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکانی گەلی کورد، هاوهەنگاو بن و وێڕای ئیدانە کردنی هێرش و داگیرکاریی دوژمنان، بە پێی توانا بەرپەرچیان بدەنەوە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی پیرۆزی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، داوا لە سەرجەم لایەنە کوردستانیەکان دەکا تاکوو بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە کاتی و حیزبایەتیەکانیان .

پێویستە بوترێ کە ڕژیمی داگیرکەری تورکیە لە ڕۆژی ١٤ی ئاوریل واتە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردیەوە هێرشێکی بەربڵاوی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردووە و سنووری ئامێدی و شیلادزێ و هەروەها ناوچەکانی چیای ڕەش، خواکورک، ئاڤاشین، زاپ، دێرەلووک و مەتینایان بوردومان کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیە لە ڕاگەیەندراێکدا بڵاوی کردۆتەوە کە هێرشەکە لەلایەن فەرماندەیی ژەندرمەکانی پارێزگای دیاربەکرەوە بەڕێوە دەچێ و ئامانجی هێرشەکەش بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە چالاکی و جموجۆڵێکی پەکەکەیە وتێدا ٦٥٠ سەرباز و ژەندرمەی تورک کە بەسەر ٤٢ تیمی جیاوازدا دابەش کراون، بەشدارن.
لە لایەکی دیکەوە لە ڕۆژاوای کوردستان، ڕژیمی تورکیە دوای بوردومان و هێرشی سەر ناوچەى زەرگان دەستیان کردووە بە هێرش و بۆردومان بۆ سەر گوندەکانی ناوچەی تل تەمر و لە ئێستادا گوندەکانی تل شنانی ئاسووری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی گوندی تل تەمر، گوندی دردارا لە باکوری تل تەمر و گوندی ئوم ئەلکێف لە ڕۆژئاوای ناوچەکە بە دووری ١ کیلۆمیتر لە ناوەندی ناوچەی تل تەمر بە چەکی قورس تۆپباران کراون و تا ئێستاش بەردەوامە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٢ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply