کورد بە هەموو پێوەر و ڕوانگە و ڕێبازە فکرییەکان، نەتەوەیە

لە زانستەکانی پێوەندیدار بە نەتەوە  تاکوو ئێستا پێناسەیەکی تەواو و یەکدەست نەخراوەتە ڕوو و لەو بارەوە ڕوانگە و ڕێبازی لێک جیاواز زۆرن .

پێناسە بۆ ئەو نەتەوانەی خاکیان داگیر کراوە.

ئەو نەتەوانەی خاکیان لە لایەن نەتەوەیەکی باڵا دەست و داگیرکەرەوە داگیر کراوە و مەترسی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوە و لە ناوچوونیان لە سەرە، (( بۆ نموونە: نەتەوە غەیرە فارسەکان کە خاک و وڵاتەکەیان لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە)) تاکوو ئێستا پێناسەیەکی ڕوونیان وەک نەتەوە لە لایەن ئەو داگیرکەرانەوە بۆ نەکراوە و بۆ پێناسەکردنیان و بە مەبەستی سووکایەتی پێکردن  کەڵک لە هەندێک دەستە واژەی کۆن و دەستکردی وەک خێڵ و عەشیرە و قەوم و تایفە وەردەگرن .

زاراوە و دەستەواژەیەک کە پان ئێرانی و پان فاشیزمی پارس، چ لە سەردەمی ئێستای کۆماری ئیسلامی و چ لە سەردەمی پەهلەوی و شاهەنشاهیەکانی ئێران بۆ نەتەوەکانی غەیرە فارسی وەک  کورد، عەڕەبی ئەحوازی، بەلووچ، تورکی ئازەری، تورکمان ، کاسپیەن و … کەڵکیان لێوەرگرتووە، هیچ جیاوازییەکیان نییە و هەمان پێناسەن کە توندئاژۆترین گرووپە ڕەگەزپەرەست و ڕاسیستەکان کەڵکی لێوەردەگرن.

نەتەوە لە کەنگێوە سەری هەڵداوە؟

ڕوانگەیەکی باوی هەڵە هەیە کە دەڵێ: نەتەوە لە دوای شۆڕشی فەڕانسەوە دروستبووە.

هەندێک ڕوانگە هەیە کە دەڵێن: دەوڵەت نەتەوە دروست دەکا و نەتەوە ناتوانێ دەوڵەت دروست بکا.

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە لە سەر مێژووی دروستبوونی نەتەوە مشتومڕ زۆرە و تاکوو ئێستا بە ڕوونی دەرنەکەوتووە کە نەتەوە و نەتەوەگەرایی لە کەنگێوە سەری هەڵداوە، بەڵام ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە نەتەوە لە زۆربەی قۆناغە مێژووییەکاندا بوونی هەبووە.

پێناسەکان بۆ نەتەوە چین؟

یەکێک لەو پێناسە کۆنانەی بۆ نەتەوە کراوە بەم چەشنەیە:

نەتەوە لەو کۆمەڵە خەڵکە پێکدێ کە خاوەنی زمان، ئایین، فەرهەنگ، کلتوور، خاک ، مێژوو و … هاوبەشن.

ستالین باوەڕی وایە کە:

ئەگەر خەڵکانێک خاوەنی زمان، فەرهەنگ، خاک و جوگرافیا ، مێژوو و هەستی هاوبەش بن ئەوە بەو کۆمەڵە خەڵکە دەوترێ نەتەوە.

کورد بە پێی هەرکام لەو پێناسانەی ئاماژەمان پێدا، نە عەشیرەیە، نە خێڵ و نە تایفە و قەوم.

کورد نەتەوەیە.

ئەگەر لە ڕوانگەی ستالین و پێناسەی کۆنەوە  لە کورد بڕوانین ، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە کورد خاوەنی هەموو ئەو پێوەر و تایبەتمەندیانەیە کە نەتەوەی پێ پێناسە کراوە.

 ئەگەر بۆچوونی دووهەم و نوێ و هاوچەرخ  وەک بنەمای نەتەوە بوون بگرینە بەر و بڵێین کە دەوڵەت، نەتەوە دروست دەکا، ئەوە لەم بوارە دا ئاوڕێکی کورتی مێژووییمان پێویستە.

ئەگەر لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد دا ، سمایل ئاغای سمکۆ وەک داهێنەر و باوکی ناسیۆنالیزمی کورد پێناسەی بۆ دەکرێ، حکوومەتی شێخ مەحموودی حەفید و کۆماری ئارارات و کۆماری کوردستانی سوور و دواتر کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد ، سەرجەمیان  پێناسەن بۆ ئەوەی کە کورد خاوەن دەوڵەت و حکوومەتی خۆی بووە و بەو پێناسەیەش و بە گشتی بە هەموو ڕێباز و پێوەرەکانی پێناسەی نەتەوە،  کورد وەک نەتەوە ئەژمار دەکرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply