بە هۆی بوومەلەرزەوە زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان گیانیان لە دەستداوە و هەزاران کەس بریندارن

بەگوێرەی زانیارییەکان کە لە نەخۆشخانەی عەفرین دەست کەوتوون، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە سەروو ١٢٠٠ کەس.
زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکان، دانیشتووی شارۆچکەی جندرێسی باشووری عەفرینن.
نزیکەی 80 باڵەخانە و خانوو لە شارۆچکەی جندرێس رووخاون و خەڵکی لە شەقامەکان دەمێننەوە و پێویستیان بە یارمەتییە.
لە شارۆچکەی شیێی عەفرینیش، دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و مزگەوتی گوندی سنارێی سەر بە شارۆچکەکەش رووخاوە.
لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی زۆرینە کوردنشینی حەلەبیش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی ریشتێر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیە زیاتر لە ١١٠٠  کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 320 کەس گیانیان لەدەستداوە.

پێشتریش لە رۆژی 28-01-2023 کاژێر 21:45 خولەک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلەی رێشتێر شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 3 کەس و زیاتر له 800 کەسیش بریندار بوون.

بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە گشت خەڵکی کوردستان و هیوای چاک بوونەوە بۆ برینداران و سارێژی برینی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە ، داوا لە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکا کە یارمەتی بوومەلەرزە لێدراوەکان بدەن.

داگیرکەرانی کوردستان سەرەڕای بەتاڵانبردنی خاک و داهات و سەرچاوەکانی کوردستان، بە هیچ چەشنێک هاوکاریی بوومەلەرزە لێدراوەکان ناکەن و بۆیە ئەرکێکی نیشتمانییە کە هاونیشتمانان یارمەتیدەری خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو بکەن.

هەروەها داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکانی کۆمەڵگای جیهانی دەکەین بە هانای قوربانیانی ئەم کارەساتەوە بچن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply