ئاشتیاکۆ پوورکەریم بە بۆنەی ساڵی نوێوە:ساڵی تازەی زایینی لە هەموو لایەک، لە هەموو کوردستانیان پیرۆز بێ.

سەرەتا بە پێویستی دەزانم  سڵاوێک بنێرم بۆ هەموو ئەوانەی لە پێناوی ئازادی ، سەربەستی و سەربەخۆیی کوردستاندا گیانیان بەختکردووە.

سڵاو لە گشت زیندانیانی سیاسی، مەدەنیی دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا.

هەروەها جێگەی خۆیەتی سڵاو بنیرم بۆ ئیرادەی پؤلایینی نەتەوەکەمان بۆ بەرخودان و خۆراگری بە دروشمی نەسترەوتن تا سەرکەوتن.

سڵاوێک بۆ بەرخودان و شۆرشی ژینا، بە دروشمی ژن ، ژیان، ئازادی.

تێپەڕبوونی ساڵ و هەنگاونان بەرەو ساڵێکی نوێ ، جیا لەوەی هەڵگری کۆمەڵێک پەیامە، گەلێک وانە و ئەزموونمان لە پاش  خۆی بۆ بەجێ دێڵێ.

نوێبوونەوەی ساڵ ، واتای نوێکردنەوەی هەنگاوەکانە، نوێکردنەوەی ڕێگە چەوت و نالەبارەکانە، هەنگاونانە بەرەو پێش، نوێکردنەوەی ناخمانە بۆ سازدانی ئاشتی و تەبایی نەتەوەیی ناو ماڵی کورد.

ساڵی نوێ ، دەبێ پەیامی نوێی پێ بێ بۆ نەتەوەکەمان.

ساڵی ٢٠٢٣ سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک بوار دا ساڵێک بوو کە دەرفەت و هەلومەرجی گونجاوی بۆ گەیشتن بە ئازادی بۆ کورد ڕەخساند، بەڵام نەبوونی یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناو ماڵی کورد و کۆمەڵێک هۆکاری تر بوونە هۆکاری ئەوەی کە ئەم دەرفەتانە بە باشی بە قازانجی نەتەوەکەمان نەقۆزرێنەوە، هەر چەندە لە دەست نەچوون و ماون و بوونەتە ئەزموون بۆ داهاتوو.

پێویستە ئەمساڵ بکەینە هەوێنی یەکڕیزی، یەکدەنگی و یەکگرتوویی نەتەوەیی و هاوکات لە گەڵ کورد و کوردستان پەیمان نوێ کەینەوە و بیکەینە ساڵی نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.

لەم سەری ساڵی نوێیە دا بڕیار بدەین و سوێند بخۆین  بە هەموو موقەدەسات و پیرۆزییەکانی کورد و کوردستان و تا وەدیهاتنی ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانمان ، تا دەستەبەر بوونی ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان نەوەستین.

سوێند بخۆین بە خاک و ئاڵا، بە نیشتمان و نەتەوە و هەموو سەروەرییەکانی.

سوێند بە کۆماری کوردستان و کۆماری سوور بە ڕۆژاوا و باکوور ، بە ڕۆژهەڵات و باشوور. بە شاخ و چیا و دار و بەرد و بەندەنی کوردستان.

سوێند بە داڵاهۆ، بە قەندیل ، بە ئاگری، بە ئارارات، بە درسیم و سەیدڕەزا، بە دیاربەکر و قامیشلوو، بە دار زەیتوونەکانی عفرین، بە بەرخودانی ژنانی کۆبانی، بە حەمرین و بابەگوڕگوڕ و کەرکووک، بە هەولێر و شێخ مەحموود و سلێمانی، بە ورمێ و مهابادی چوار چرا و پێشەوا، بە پەڕاو و بێستوونی کرماشانی پایتەخت و بە چوار مەحاڵ و بەختیاری و هەموو زاگرۆس و لوڕستانات، بە هیگمەتانە و هەمەدان و هەموو خاکی میدیا، بە خوراسان و بست بە بستی خاکی پیرۆزی کوردیا.

تا دوا هەناسە و دوایین دڵۆپی خوێن لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا هەنگاو باوێین و تێبکۆشین.

هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵی وەدیهاتنی ئاواتە لە مێژیینەکانی نەتەوەی کورد و ببێتە ساڵێکی پڕ دەستکەوت و بەختەوەری بۆ هەموو کورد و کوردستانییەک. دیسان ساڵی نوێتان لێ پیرۆز بێ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووپەیامی جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
بابەتی دواتر“كۆمەڵە و دێموكرات بازرگانیان بە شۆڕشی ژیناوە دەستپێكرد”

Leave a Reply