پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ گرووپی ڕاوێژ

هاوڕێیان و هاوبیرانی ژووری ڕاوێژ

سڵاو و ڕیز ئەم کاتەتان باش.

ئامانج لە کردنەوەی ئەم ژوورە ، کۆکردنەوەی کەسانی نەتەوەیی و سەربەخۆییخواز بوو بۆ پرس و راوێژ لە سەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.

ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانی بزووتنەوە تاکوو ئێستا بە دەیان هەنگاومان لە پێناو گەیشتن بە لێک تێگەیشتن و کۆکردنەوەی هیز و لایەنە سیاسیەکان لە دەوری پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵیناوە و تا ڕادەیەک توانراوە بەشێک لە هیزە سەربەخۆییخوازەکان بگەن بەو باوەڕەی کە پێک هێنانی ناوەند و پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ سەربەخۆییخوازەکان گرینگە لە پێویستیە خێرا و هەنووکەییەکانە.

ماوەی چەندین مانگ لەمەوبەر بزووتنەوە هەنگاوی نا بۆ نووسینەوە و ئامادە کردنی ڕەشنووسێک بۆ مەنشووری ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، دواتر بە ڕاویژ لە گەڵ لایەنەکانی تر گەیشتینە ئەو قەناعەتە کە پێکەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرین و یەکێک لە ئامانجەکانی کردنەوەی ئەم ژووری ڕاوێژەش ئەمە بوو.

ئێستا چەند مانگێکە کە ڕەشنووسی مەنشوورەکە بە بەشداریی نوێنەری لایەنە سەربەخۆییخوازەکان و بە بەشداریی چەندین کەسی پسپۆر، ئاکادێمی و شارەزا لە بوارەکانی سیاسەت،ماف و یاسا و …  ئامادە کراوە و خراوەتە بەر دەستی هیز و لایەنەکان، بەڵام تاکوو ئەمڕۆ لە بێدەنگی دا ڕاگیراوە.

هەروەها لە تازەترین هەنگاومان، داوامان لە زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”پژاک، پاک، پارتی سەربەستی،پارتی سەربەخۆیی، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” کرد تاکوو لە بەرانبەر بە لە سێدارەدرانی  پژمان فاتحی، موحسین مەزلووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی، پێکەوە و بە هاوبەشی

بەیاننامە بدەین، بەڵام بە داخەوە  جگە لە پارتی سەربەستیی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان هیچ لایەنێک ئامادەیی دەرنەبڕی …

جیا لە بزووتنەوە ، چەندین جار لە لایەن پارتی سەربەستیی کوردستانەوە پێشنیاری  کۆبوونەوە لە دەوری پلاتفۆرمی هاوبەش دراوە بەڵام بە پێی پێویست پشتیوانی لێنەکراوە و هێز و لایەنەکان بە پیل بانگەوازەکەیانەوە نەڕۆیشتوون  .

هاوکات ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ ئەم مەبەستە لانی  کەم زیاتر لە یەک ساڵە بە چڕی هەنگاو بۆ ئەم مەبەستە داوێ و بەڵام مەخابن بە پێی پێویست پاڵپشتی لێ نەکراوە و کەمترین لایەن بە پیل بانگەوازەکەیانەوە چوون.

لێرە دا وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی هەوڵیان بۆ یەکڕیزی داوە، بە زوویی لە نامەیەکی کراوە و سەرئاوەڵە دا ڕوو بە گشت خەڵکی کوردستان، هێز و لایەنە سیاسیەکان، تاک و کەسایەتیی سەربەخۆ و  ئەندامانی ژووری ڕاوێژی نەتەوەیی، پێشنیارەکانمان لەو بارەوە دەخەینە ڕوو و داوا دەکەین:

بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بێدەنگەی خەباتی سیاسیی هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەخشە ڕێگا و پێشنیار بدەن.

بۆ گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی و بە تایبەتی کۆکردنەوەی هیز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان لە دەوری پلاتفۆرمێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، پێویستە چ بکرێ و ڕێگە چارە و نەخشە ڕێگەتان چییە؟

لە کۆتاییدا لە ڕێگەی ئەم نامەیەوە رایدەگەیەنین کە ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ گەیشتن بە پلاتفۆرمیکی هاوبەشی  نەتەوەیی بۆ سەربەخۆییخوازەکان، جگە لە پێشنیار، هیچ پیش مەرج و بیانوویەکمان نییە و ئامادەین بۆ کۆبوونەوە لە دەوری پلاتفۆرمی نیشتمانی و نەتەوەیی سەربەخۆییخوازەکان.

هەر هیز و لایەنێک  ئەم هەنگاوە بە گرینگ و پێویست دەزانێ، با کەمتەرخەمیی لێ نەکا و ناوی کوردستانی لی بێنین و دەست پێبکەین.

سپاس و ڕێزی بێ پایان

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی

٠٢/٠٢/٢٠٢٤

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووگەلی کورد پێویستی بە کۆدەنگی، ئاشتەوایی ناوخۆیی و سازکردنی بەرەیەکی نەتەوەیی هەیە.
بابەتی دواترپەیامی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ خەڵکی ناوچەکانی داڵاهۆ،سەرپێڵی زەهاو و …

Leave a Reply