هاونیشتمانانی خۆشەویست

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

هەر وەک ئاگادارن ناوە بە ناوە و هەر جارە و بە شێوەیەک ڕژیمی ئێران هەوڵی ئاژاوە نانەوە و تێکدانی یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد دەدا.

رژیم جارێک لە ژێر ناوی ناوچە و ناوچەگەرایی و جارێک لە ژێر ناوی ئایین و مەزهەب لە ژوورە فکرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ئێرانەوە بە پیلان ، پلان بۆ تێکدانی ئەو یەکڕیزییە دادەڕێژرێ کە گەلی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بە ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر و هەمە ڕەنگەوە بە ئاشتیانە و وەک کورد پێکەوە خوشک و برایانە ژیاون.

رژیمی داگیرکەری ئێرانی چاوی بەرایی نادا ئەو یەکێتی و یەکڕێزییەی ناو ماڵی کورد ببینێ و هەر وەک چۆن باوەڕی وایە کە تەفرەقە دروست بکە و حکوومەت بکە بەردەوام لە هەوڵی تەفرەقە و دووبەرەکی نانەوە و ئاژاوە دروستکردنە لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان.

شەوی ١٤ی ڕێبەندان چەند کەسێکی پەروەردەکراو و داردەستی ڕژیم بە ماشێنێکی پێژۆ چوونەتە ناو گوندی قەڵاواریی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە ئوستانی کرماشان و تەقەیان لە خەڵکی ئاسایی کردووە و چەند کەسێک بریندار بوون.

ڕژیم لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێ  لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێ و کێشەکە بکاتە کێشەی نێوان دوو ئایینی سوننی و یارسانی ، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە باوەڕدارانی ئەو دوو ئایینە سەدان ساڵە وەک خوشک و برا و پشت و پەنای یەکتر بە بێ کێشە پێکەوە دەژین.

ئێمە وەک هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای بانگهێشت کردنی خەڵک بۆ ئارامی و ئاشتیانە پێکەوە ژیان ، داوا لە خەڵکی قەڵاواڕی و کویک و ناوچەکانی دەورووبەری دەکەین، نەکەونە ناو داوی پیلانەکانی ڕژیمی ئێرانەوە و هەروەها داواکارین لە ڕیش سپی و پیاو ماقووڵانی ناوچەکە بە سونی و یارسانیەوە ئیزن نەدەن دۆخەکە لە بەرژەوەندی و قازانجی پیلانەکانی ڕژیم دا بشکێتەوە و ڕەوشەکە بەرەو ئاقارێکی نەخوازراو دا بڕوات.

ئێمەی کورد سەر بە هەر ئایین و مەزهەب و ئایینزایەک بین بە پلەی یەکەم کوردین و کوردستانین و خاڵی هاوبەش و پێکەوە ژیانمان کورد بوونمانە.

بێشک هەر کەس و لایەنێک لەو ناوچانە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە و دووبەرکی نانەوە بدا، ڕاستەوخۆ جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانییە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی

٤ی فێوریەی ٢٠٢٢ی زایینی

وڵامێک جێ بێڵە

تکایە کۆمێنتەکەت بنووسە!
تکایە لێرە ناوی خۆت بنووسە