هەڵبژاردنەکان لە ئیران

دەستپێک:

دیارە کاتێک کە باس لە هەڵبژاردنەکان لە وڵاتی ئیران دەکرێت، بە تایبەتی بیرەوەری مێشکی مرۆڤی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەو وڵاتە. بەرهەمی ئەم شۆڕشە ڕیفراندۆمێک بوو کە لە ١٠ و ١١ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ئەنجام درا. لەم ڕیفراندۆمە پرسیار کرا لەسەر «کۆماری ئیسلامی ئیران»بەڵێ یان نە؟ دیارە ئەم ڕیفراندۆمە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی کوردستان و حزبە کوردییەکان بایکۆت کرا. ئەم بیرەوەرییە ئێستا لە کوردستان وەکوو شانازی بە بەردەوامی باس دەکرێت. بە تەئکید ئەم کارەی خەڵکی کوردستان و وەستانەوە لە بەرامبەر جەللادێک وەکوو خومەینی و حکومەتی ئیران کارێک قارەمانانەیە و دەبێت وەکوو مێژووی کورد بە سەدان ساڵ بنووسرێتەوە و باسی بکرێت.

بە گشتی باسی هەڵبژاردن لە حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و بە گشتی بەشداری کردن لە کاری سیاسی ئەو داگیرکەرانە پرسێکی زۆر گرنگە کە لە بەرامبەر مرۆڤی کورد بوونی هەیە. بەڵام نەک ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە بەڵکوو هەوڵ دراوە بە پێی بەرژەوەندی سیاسی ئەحزاب باسی بکرێت. باس کردن لە پرسە سیاسییەکانی کوردستان و نەتەوەی کورد بە شێوەیەکی حیزبی و تاک لایەنانە دیارە کارێکی دروست نییە و ئیزنی ئەوە نادات کە ڕێگای دروست بگرینە بەر. بە پێچەوانەوە بەم شێوە باس کردن لە پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوەی کورد، ئێمە دەبات بەرەو ئاقارێک کە لە گێژاوێک دەکەوین کە چیتر ناتوانین جیاوازی نێوان کاری دروست و هەڵە بزانین. دیارە ئەم کارە بە بەردەوامی کراوە و هەر حزب و لایەنێک بە پێی خوێندنەوەی بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ ئەم پرسە هەڵسوکەوتی کردووە. زۆر جار ئەحزابی کورد پشتیوانیان کردووە لە هەڵبژاردنەکان و بەشداریان کردووە لە کاری سیاسی ناو ئەو وڵاتانە. ئەوان ئەم کارە وەکوو بەشداری کردن بۆ بە دموکراتیک کردنی داگیرکەران پێناسە دەکەن. پێیان وایە ئەکرێت لەو ڕێگایەوە داگیرکەران دموکراتیک بکەنەوە و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی کە ویستی کورد بگەیەننە جێگای خۆی. ئەم شێوە ڕوانینە لە مێشکی مرۆڤی کورد دا شێوە ڕوانینێکی نوێ نییە، بەڵکوو شێوە ڕوانینێکی کۆنە. مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسپێکی دەوڵەت نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر دەستی ئەورووپییەکان دامەزراوە. ئەورووپییەکان بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیان نەبووە کە ئیزنی هەبوونی دەوڵەتی کوردی بە کوردستانیان بدەن، بۆیە بە بەردەوامی باسی ئەوەیان کردووە کە کورد پێویستە لەگەڵ دەوڵەتانی ئیرانی و عێراقی و سوریەیی و تورکیەیی هەڵسوکەوت بکات. هەروەها دوای جێگیر بوونی دەوڵەت نەتەوە پرسی کورد بە بەردەوامی گەڕاوەتەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی و وایکردووە کە ئەم ڕوانینە لە مێشکی مرۆڤی کورد زۆرتر ڕۆ بچێتە خوار و ئێستا نەتوانێت لە ڕاستی بابەتەکە تێبگات. دەرئەنجامی ئەم ڕووداوە ئەوەیە کە پرسیاری «چۆن دەتوانین کوردستان ڕزگار بکەین؟» ببێتە «چۆن دەتوانین دامەزراوەی جێبەجێ کار لە ئەو وڵاتانە بڕووخێنین؟ و یا چۆن دەتوانین ئەو وڵاتانە دموکراتیک بکەینەوە؟». ڕەنگە کاتێک کە باس لە بەرژەوەندی دەوڵەتانی ئەورووپایی بکەین، تووشی هەڵە تێگەیشتن ببین و بێژین کە ئەوە هەموو کێشەکانمان خەتای ئەوانە، بە پێچەوانەوە دەتوانین بێژین وا نییە و زۆرێک لە خەتاکەش لە ئەستۆی خۆمان وەکوو نەتەوەی کوردە. بەڵام لێرەدا من نامەوێت باسی ئەو بابەتە بکەم، بەڵکوو تەنیا ویستم وەکوو ڕوون کردنەوەی خودی بابەتەکە باسی بکەم.

سیستەمی هەڵبژاردن لە ئیران

دیارە هەڵبژاردن لە ئیران شتێک کۆن و لەمێژینە نییە و بە پێچەوانە زۆر نوێیە. دوای ئەوەی کە حکومەتە ئەورووپییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست دەدەنە دامەزراندن سیستەمی دەوڵەت نەتەوە و بە تەبعی ئەوە سیستەم ئابووری پێشکەوتوو و پووڵ و چیتر بە شێوە ئەورووپایی دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەبێعەتەن کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر سیستەم بازەرگانی ئەم ناوچە. ساڵی ١٢٦٣ لە وڵاتی ئیران بە فەرمانی ناسرەدین شای قاجار ئەوەڵین مەجلیس بە ناوی «مجلس وکلای تجار ایران» دامەزرا. لەم مەجلیسەدا نوێنەری بازەرگانە ئیرانییەکان بوون کە هەوڵیان دەدا کە بەرژەوەندی بازەرگانە ئیرانییەکان لە ناو سیستەمی ئیرانیدا بپارێزن. ئەم مەجلیسە ئەوەڵین مەجلیسێکە کە لەوێدا بڕیارە کەسانێک هەڵببژێردرێن کە پارێزگاری بکەن لە خەڵک و بە تایبەتتر بازەرگانەکان. دواتر لە ئیدامەی حکومەتی ئیرانی دا لە ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی مزەفەرەدین شای قاجار فەرمانی مەشروتە واژۆ دەکات و مەجلیسی دامەزرێنەران دادەمەزرێنێت. ئەم مەجلیسە لە ئیدامە دا مەجلیسی ئیران دادەمەزرێنێت. بە درێژایی ئەم ساڵانە تا ئێستا کورد لە بەرامبەر ئەم پرسیارە دا بووە کە «ئایا بەشداری بکات لە سیستەمی هەڵبژاردنەکان ئیران یان نە؟» وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەم پرسیارە بە ئەساسی بەرژەوەندی حزبی وڵام دراوەتەوە. بەڵام قەد نەیتوانیوە وەکوو وڵامێک جێگیر بۆ پرسی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بمێنێتەوە. ئەوان سەردەمانێک بەشداری سیاسییان کردووە لە ئەمری سیاسی ئیرانی و سەردەمانێک بایکۆتیان کردووە. ئەم پرسیارەش بە بەردەوامی لە دۆخێک بۆ دۆخێک دیکە وڵامەکەی گۆڕاوە. بۆ نموونە پێش کۆماری کوردستان بەشداری سیاسی کراوە لە سیستەم ئیرانی و نوێنەری کورد لە تاران و مەجلیس نیشتەجێ بوون و دواتر لە کاتی کۆماری کوردستان هەوڵ دراوە کە ئەم بەشداری سیاسییە نەکرێت و فۆرمی سیاسەت دەگۆڕێت بۆ دیپلۆماسی نێوان دوو وڵات و دوو دەوڵەت و کەسانێک کە هەوڵی بەشداری و هاوکاری سیاسییان لەگەڵ ئیرانیەکان داوە، بە خیانەت کار ئەژمار کراوە و تەنانەت حوکمی لە سێدارە دران لە دژیان دراوە. دوای کۆماری کوردستان سارمەدین سادق وەزیری و هاوڕێکانی هەوڵ دەدەن کە لە مەجلیسی ئیرانی بەشداری بکەن و وەکوو خۆیان ئێژن هەوڵیان داوە بە شێوەی دموکراتیک پرسی کورد ببەنە پێش و هەروەها دۆخێکی تۆتالیتەر کە بەسەر کوردستان دا سەپاوە، بشکێنن و دۆخێک مەدەنی لە کوردستان نیشتەجێ بکەن. ئەم بابەتە لە دوای هاتنی خومەینی دووبارە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و خەڵک و حزبەکان بایکۆتی ڕفراندۆمی ئیرانی دەکەن و دواتر هەمان ئەو ئەحزابە هەوڵ دەدەن لەم سیستەمە نوێیەی ئیرانی بەشداری بکەن و نوێنەری خۆیان بخزێننە ناو سیستەم کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پشتیوانی دەکەن لە لایەنی ئیسلاح تەڵەبی ئیرانی (ڕێفۆرمخوازی ئیرانی) و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم کارە تا ئاستێک دەچێتە پێش کە ئەحزابی کوردی کە سەردەمێک فۆرمی شۆڕشگێڕیان هەبووە، ئێستا وا هەست دەکەیت کە ڕێفۆرمخوازی ئیرانین.

ئەم مێژووە نیشانی دەدات کە ئەم پرسە پرسێک زیندووە و وڵامێکی زیندوو و تەواوی نییە و وڵامەکان کە پێ دراوەتەوە، بەردەوام بە بەرژەوەندی لایەنی جیاواز و دۆخی جیاوازەوە بەستراوەتەوە.

بەڵام با بەم پرسیارانەوە ئیدامەی بدەین و بپرسین کە «ئایا کورد توانای ئەوەی هەیە کە ئیران دموکراتیک بکاتەوە؟ » «ئایا کورد ئەرکی هەیە ئیران دموکراتیک بکاتەوە؟ » «ئایا ئەم شێوە تێڕوانینەی سیاسەتوانی کورد بۆ ئەم بابەتە شێوە ڕوانینێک دروستە؟ ».

ئیران دموکراتیک!

ئیرانی دموکراتیک وەهمێک مێژووییە کە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەونی خۆیان دا دەیبینن. لە ڕاستیدا ئەوان بڕوایان وایە کە ئیران بوونەوەرێک مێژووییە و لە درێژایی مێژوو بوونی هەبووە. دیارە خودی ئەم تێڕوانینە بۆ ئیران لە ناسیۆنالیزم ئیرانیەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئیران بەرهەمی ئیستعماری وڵاتە ئەورووپییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم وڵاتانە بۆ بەڕێوە بردنی سیستەمی ئیستعماری پێویستیان بە هەندێک دامەزراوە هەبوو و بەو بۆنەیەوە ئیرانیان دامەزراند. نموونەی ئەو دامەزراوانە دەتوانین ئاماژە بە سیستەمی ئەرتەش، هێزی نیزامی شار، سیستەمی پەروەردە و بازەرگانی و دواتر سیستەمی بانکی بکەین. بۆیە لە ئەساسدا شێوەی ڕوانین ئەم حزبانە بۆ ئیران هەڵەیە. لە ڕاستیدا شێوەی هاتنی مۆدێڕنیتە بۆ ئیران شێوەیەک لە مۆدێڕنیتەی نیزامیە و ئیرانیەکان بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بشارنەوە، باس لە مۆدێڕنیتەی ئامرانە (مدرنیتە آمرانە) دەکەن. لە ئەساسدا ئەم شێوە لە مۆدێڕنیتە نەک دموکراتیک ناکرێتەوە، بەڵکوو تەنیا بەرهەمی دەبێتە تۆتالیتاریزم. بۆیە لە ڕاستی دا خەونی دموکراتیک کردنەوەی ئیران دەتوانین وەکوو وەهمێک ببینین.

جیا لەم بابەتەش دەتوانین ئاماژە بە نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئیران بکەین. ئەم نەتەوەگەلە لە وڵاتانی دراوسێی ئیران دا قووڵایی ستراتیژیان هەیە. بۆ نموونە کورد لە سێ وڵاتی دیکە بوونیان هەیە و یان عەرەب و بەلووچ و تورک و چیتر بە هەمان شێوەن. هەر کات ئیران دەسەڵاتی زۆرتر بێت دەستدرێژی کردووە لە ناو ئەو وڵاتانە و هەر کات ئەو وڵاتانە دەسەڵاتیان زۆرتر بێت بە هەمان شێوە دەست دەبەنە ناو سیاسەتی ئیران و ئەمە هۆکارێکە بۆ پێشگرتن بە دموکراتیک بوونی ئیران و پێویستی و زەروورەتی ئیرانی بوون بەردەوام دەبەسترێتەوە بە هێز و دەسەڵات. بۆیە بەردەوام ئیرانیەکان بۆ ئەوەی سەقامگیری خۆیان بپارێزن و هەروەها پێش بە داڕمانی ئیران بگرن، لەسەر هێزی نیزامی جەخت دەکەنەوە و ئەوە وەکوو ئامرازی مانەوەی ئەو وڵاتەیە. ئەوان ڕۆژێک کە واز لە هێزی نیزامی و نیزامیگەری بێنن، بەرەو ڕووخانی ئیرانیەت دەچن. بۆیە ئیرانیەکان قەد واز لە سیستەمی تەک جەمسەری و نیزامی ناهێنن و بەردەوام هەوڵ بۆ سەرکوتی ئەم نەتەوەگەلە دەدەن. هاوکات جیا لەم بابەتە هۆکارێک دیکە بۆ دموکراتیک نەبوونەوەی ئیران ئەوەیە کە ئەم نەتەوەگەلە جیاوازی بەرژەوەندیان هەیە و بەردەوام چاویان لە خاک و نیشتمان یەکترە. ئەم بابەتە لە نێوان کورد و ئازەری بە ڕوونی دەتوانین ببینین. بە تایبەتی ئازەری بە بەردەوامی لە دەسەڵاتی ئیرانی ڕۆ چووە و لەم دەسەڵاتە کەڵک وەردەگرێت بۆ داگیرکردنی نەرمی نیشتمانی کوردان. ئەم بابەتە لە نێوان نەتەوەکانی دیکەش بە ڕوونی دیارە. دیارە ئەم جیاوازی بەرژەوەندییە لە نێوان نەتەوەکان تا ئاستی دوژمنی بەرز دەبێتەوە. ئەساسەن بیرەوەری نەتەوەیی لە نێوان ئەم نەتەوەگەلە پێکەوە جیاوازە و لە مێژووی خۆیان چەندین جار هەوڵی سڕینەوەی یەکتریان داوە. جیا لەوەش لە زۆرێک بابەت دا هەندێک نەتەوە لە ئیراندا، دۆخی نادموکراتیک بە قازانجی خۆیان دەزانن. هاوکات پێویستە ئەو پرسیارە بکەین کە: ئایا نەتەوەیەک دەتوانێت بڕیارە لەسەر بەرنامەی سیاسی نەتەوەیەک دیکە بدات؟ بۆ نموونە ئەگەر نەتەوەیەک بیەوێت حکومەتێک کۆمۆنیستی دابمەزرێنێت و نەتەوەیەک دیکە بیەوێت حکومەتی ئیسلامی دابمەزرێنێت و نەتەوەیەک دیکە بیەوێت فۆرمی لیبراڵ دموکراسی هەبێت و نەتەوەی دیکە بیەوێت فۆرمی پاشایەتی بێت. لە ئاوا دۆخێک دا ئایا نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە بڕیاری سیاسی بەسەر نەتەوەیەک دیکەدا بسەپێنێت؟ ئەگەر نەتەوەیەک فۆرمی حکومەتی بەسەر نەتەوەیەک دیکەدا بسەپێنێت، چۆن دەکرێت بیر لە حکومەتێک دموکراتیک بکەینەوە. بۆیە دەتوانین بێژین کە هەوڵ بۆ دموکراتیک کردنەوەی ئیران، هەوڵێک بەتاڵە. ئەم شێوە بیرکردنەوە لە دموکراتیک کردنەوەی ئیران، وەکوو باسمان کرد وەهمێکە کە تەنیا لە خەیاڵی ئەم ئەحزابە چەقیوە و لە واقعیەت دا یەک بست ناتوانێت بڕ بکات. تەنیا ڕێگە چارە بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە واقعە ئەوەیە کە ئەم نەتەوەگەلە چیتر بە شێوە نەتەوە بیر لە خۆیان نەکەنەوە. ئەوان دەبێت نەتەوە بوونی خۆیان ئینکار بکەن و تەسلیمی ئیرانی بوون و نەتەوەی ئیرانی ببن. بەڵام بەڕاسی ئایا ئەم نەتەوەگەلە ئەم خواستەیان هەیە؟ ئایا دەیانەوێت واز لە نەتەوە بوونی خۆیان بێنن؟ بە پێی ڕوانین لە خەڵکی ئیران و نەتەوەکان دەتوانین ببینین کە ئەم خەڵکە ئاوا بڕیارێک نادەن و بە پێچەوانەوە سوورن لەسەر نەتەوە بوونی خۆیان و بە بەردەوامی کاری بۆ ئەکەن.

بۆیە پێویستە دووپاتی بکەینەوە کە ئیرانی دموکراتیک تەنیا وەک یەک وەهمە و ناتوانێت هیچ هەنگاوێک ببڕێت. ئەم نەتوانینە لە هەڵسوکەوت کردنی ئەحزابی کوردی دەتوانین بە ڕوونی ببینین. ئەوان بەردەوام لە پاشکشەن لەبەرانبەر ئیرانیەکان و ئەو ئەساسنامەگەلەی کە خۆیان بڕوایان پێ هەیە و بە ڕای گشتی ئەندامی حزبەکان تەیید کراوە. ئەم پاشەکشە هەمان تەسلیم بوونە لە بەرانبەر عەرزی واقعی سیاسی و تەنیا بەرهەمی هەڵەی خوێندنەوەی ئەوانە. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم حزبانە ڕوو بکەن لە دونیای دەرەوەی ئیران، دەتوانن زۆر درگا و ڕێگای دیکە ببیننەوە کە بتوانن کورد لەم دۆخە ڕزگار بکەن. بەڵام نەکردنی ئەم کارە ئێمە دەبات بەرەو پرسیارێک کە دەبێت ئەم حزبانە وڵامی بدەنەوە و ئەویش ئەمەیە «ئایا ئەوان بەم دۆخە ڕەزایەتیان داوە یان نە؟ و یان ئایا ئەوان بە ئیرانی بوون ڕەزایەتیان داوە یان نە؟ »

دۆست و دوژمن!

دیارە لە کۆمەڵگای سیاسی کورد زۆر بە کەمی باس لە پرسی دۆست و دوژمن کراوە. بەهۆی ئەوەی کە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان هەموو کاتێک سێبەرێک لە ڕوانینی دادپەروەرانە و چەپ بەسەرییەوە زاڵ بووە و بەم بۆنەیەوە ڕۆشنبیر و سیاسەتوانی کورد قەد بیری لەوە نەکردووەتەوە کە دۆست و دوژمن دیاری بکات. هاوکات ئەمە وای کردووە کە کورد نەیتوانی خۆی لە ڕووی مەعریفییەوە لە داگیرکەری خۆی جوودا بکاتەوە. لە فەرهەنگی فەلسەفی ستەنفۆرد سەبارەت بە دۆست و دوژمن لە زاری کارل شمیتەوە دەنووسن «خەڵکێک کە نەتوانێت سنووری نێوان دۆست و دوژمن دیاری بکات، ناگات بە ئاشتی و بە پێچەوانەوە تووشی ئاڵۆزی و بێسەروبەرەیی سیاسی دەبێت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ئەو خەڵکە بە بەردەوامی لە ژێردەستی و داگیرکراوی دا بمێننەوە و یا لە داهاتوو دا داگیر بکرێن و یا ببنە ژێر دەستی خەڵکی دیکە. خەڵکێک کە دۆست و دوژمن دیاری دەکات بە سەروەری دەگات و حکومەت بەسەر ئەو خەڵکەی دیکە دا دەکات». ئەگەر سەیری کوردستان بکەین ئەمە هەمان دۆخێکە کە شمیت پێشبینی کردووە. بەهۆی ئەوەی کە دۆست و دوژمن دیاری نییە، شتێک بە ناوی خیانەت مانای نەماوە. هەرچەشنە هەڵسوکەوتی سیاسی بە خەباتگێڕی پێناسە ئەکرێت. ڕۆژێک کە بەرژەوەندیان هەیە بڕیاری بەشداری دەدەن لە ئەمری سیاسی داگیرکەر و ڕۆژێک کە بەرژەوەندی نییە نایکەن. ئەساسەن کارەکتەری سیاسی کورد لە دۆخی بەرژەوەندی کەسیەتی ڕاستەقینە و کەسیەتی یاسایی دەچەقێت و چیتر بەرژەوەندی نەتەوەیی مانای خۆی لە دەست دەدات. چیتر کارەکتەری سیاسی مانای هەڵسوکەوتی سیاسی خۆی لە «نەتەوە» و «خاک» و «نیشتمان» وەرناگرێت و بە پێچەوانەوە ئەوە کە خەریکە مانا دەبەخشێت بە «نەتەوە» و «خاک» و «نیشتمان». شمیت کاتێک کە باس لە سیاسەتی ڕاستەقینە دەکات ئێژێت «سیاسەتی ڕاستەقینە، تەنیا لە ڕێگای دەستنیشان کردنی دۆست و دوژمنەوە بەڕێوە دەچێت».

کاتێک کە باس لە دۆست و دوژمن دەکەین باس لە پێوەری ئەخلاقی و تاکەکەسی ناکەین بەڵکوو باس لە دۆخێک دەکەن کە «نەمان» و «نەبوون» بەدوای خۆیدا دەهێنێت. نەتەوەیەک کە هەوڵ بدات نەتەوەیەک دیکە تووشی نەمان بکات و یا بیسڕێتەوە بە دوژمن ئەژمار دەکرێت.

ئەگەر سەیری هەڵسوکەوتی حکومەتی ئیرانی بکەین (دامەزراوەی جێبەجێکار لە تاران و ئیرانی بوونی شاراوەی لە مێشکی ئیرانیەکان)، بە ڕوونی دەبینین کە لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ سڕینەوەی ڕەسەن و ڕەگەزی ڕاستەقینەی کوردی لە زەینی ئینسانی کوردی. ئەم سڕینەوە لە ڕێگای سڕینەوەی کوردستان وەکوو وڵاتێک دەستی پێکرد و تا ئاستی سڕینەوەی زەینی کوردی ڕۆیشتوەتە پێش. بەردەوام کورد بوون لە ئاستی سیاسی، ئابووری، ئەدەبی، زارەکی، هزری، نەتەوەیی و تاکەکەسی تیرۆر دەکات و هەوڵی سڕینەوەی دەدات. دیارە ئەم دۆخە بە نیسبەت تورکیە، سوریە و عێراقیش بە هەمان شێوەیە. ئەم سڕینەوە بە ڕوونی لە شۆڕشی ژینا دەتوانین ببینین کە چۆن هەوڵ درا کە دروشمی کوردستان لە ئاستی نەتەوەیی دابەزێنن بۆ ئاستی جنسیەتی (دیارە لێرەدا مەبەست گرنگ نەبوونی پرسی ژنان و ڕەگەزە جیاوازەکان نیە و بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە هەوڵ دەدرێت کە پرسی ناوخۆی ئیران بە پرسی ئینترسێکشناڵیتە تەفسیر و تاوتوێ بکرێت و کێشەی ڕەگەزی کە حکومەتی جێبەجێ کاری ئیرانی دروستی کردوە و لەو ڕێگایەوە پرسی نەتەوە داگیرکراوەکان کە لە پەیوەندی دوژمنکارانەدان و هەروەها پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوی بسڕنەوە و تەنیا پرسێک کە حکومەتی ئیرانی دروستی کردوە بە پرسی ئەساسی بگیرێت و لەو ڕێگایەوە دەیانەوێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن) و هەستی ڕووکاری بێ ناوەرۆک و هاوکات لە تاران دامەزراوەی جێبەجێکار هەوڵی سەرکوتی ڕەقی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەدات و تا ئاستێک چووە پێش کە لە چەکی کیمیایی کەڵکی وەرگرت و سەدان کەس کوێر کران و ئاوارە کران و یا لە بەندیخانەکان بێسەروشوێن کران و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لە دەرەوەی ئیران هەوڵی بەلاڕێدا بردنی کوردی دەدا. دیارە ئەمە تەنیا ڕووداوێک نزیکە لە مێژووی کورد دا، کە دەتوانین بە ڕوونی باسی بکەین و ڕووداوە کۆنەکانی دیکەش بە هەمان شێوە بوون و هەڵسوکەوتی ئیران بە نیسبەت کوردستان، بۆ هەموو کوردێک ڕوون و ئاشکرایە. لە ئاوا دۆخێکدا پەیوەندی ئیران و کورد دەتوانێت تەنیا یەک شێوە پەیوەندی بێت و ئەویش پەیوەندی دوژمنکارانەیە. دیارە ئەکرێت پەیوەندی دوو نەتەوە لەسەر ئەساسی دوژمنی بێت، بەڵام پێکەوە هاوسنووریش نەبن کە نموونەی لە جیهاندا زۆرن. بۆ نموونە پەیوەندی کۆنی سەردەمی شۆرەوی و بریتانیا. ئەم دوو وڵاتە بە هەزاران کیلۆمەتر لە یەکتر دوور بوون بەڵام دوژمنی یەکتر بوون.

بۆیە ئەکرێت جیا لە پەیوەندی دوژمنکارانە کە لە نێوان کورد و ئیرانی بە دەستی ئیرانیەکان داڕێژراوە، شێوەیەک پەیوەندی دیکە لە نێوانمان بوونی هەیە کە بە پەیوەندی داگیرکەرانە دەناسرێت. وەکوو چۆن خەڵکی کوردستان لە گۆڕستان ئایچی هاواریان کرد «داگیرکەری ئیرانی قاتڵی ژینامانی». ئەساسەن کورد بە درێژایی مێژوو ئیرانییەکانی وەکوو داگیرکەر پێناسە کردووە. ئەم پێناسە کردنەی کورد، پێناسەیەک دروستە و ئیرانیەکان خاک و نیشتمان و نەتەوەی کوردیان داگیر کردووە و ئیزنی سەروەری نەتەوەیی بە کورد نادەن. کورد ئیزنی نییە کە ببێتە ساحێب پرسی نەتەوەیی خۆی لە جیهان و بە بەردەوامی هەوڵ دراوە کە نەتوانێت پرسی سیاسی خۆی بە جیهانی بکات و بەردەوام باس لە ئیرانی بوونی پرسەکە دەکەن. ئەوان دوژمنی خۆیان لەگەڵ کوردستان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی کوردستان و بە شێوەی دامودەزگای دەوڵەتی جێبەجێ دەکەن و بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدەن و بۆ ئەم کارەش لە هەموو کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرن. دیارە پێویست ناکات لێرەدا زیاتر لەوە باسی ئەم بابەتە بکەم بۆیە با بە پرسیارەوە بچینە ئیدامەی باسەکە.

بێن با کورد و ئیرانی لەم پرسیارگەلە دەرکەین و ئیزن نەدەین کە پرسیارێک لایەنگرانە داڕێژین، بەڵکوو هەوڵ بدەین کە ئەم پرسیارگەلە بە شێوەیەک بێت کە بۆ هەموو نەتەوەیەک و هەموو کەسێک یەک وڵامی لۆژیکی ببێت. من بەم شێوە دەیپرسم:

ئایا خەڵکێک و یا نەتەوەیەک مافی هەیە کە لە ئەمری سیاسی نەتەوەی دوژمن و داگیرکەری خۆیان بەشداری بکات؟

ئایا لۆژیکییە کە خەڵک بەشداری لە سیاسەتێک بکات کە ڕاستەوخۆ لە لایەن داگیرکەران و دوژمنانی خۆیان داڕێژراوە بۆ سڕینەوەی ئەوان؟

ئایا سیاسەتوان مافی هەیە بەشێک بێت لە ئەمری سیاسی نەتەوەیەک کە لە لایەن خەڵکەوە بە دوژمن و داگیرکەر پێناسە کراوە؟

ئایا تاکێک کە سەر بە نەتەوەیەک تایبەتە مافی ئەوەی هەیە لە سیاسەتێک بەشداری بکات کە هەوڵی سڕینەوەی ئەو نەتەوەیە هەیە؟

ئایا ئەگەر سیاسەتوانێک بەشداری بکات لە سیاسەتێک کە لە لایەن خەڵکەوە بە دوژمن و داگیرکەر پێناسە دەکرێت، بڕیاری دادگا چی دەبێت لەسەر ئەو بەشداری کردنە؟

لەم پرسیارگەلە دا هەوڵم داوە کە بە شێوەیەک دایان بڕێژم کە بێ لایەن بێت و ئەساسەن پەیوەندی بە دۆخێک تایبەتەوە هەیە کە ئەگەری هەیە لە هەر جێگایەکی ئەم جیهانە ڕوو بدات و ڕووی داوە. بۆ نموونە کاتێک کە هیتلەر فەرانسە داگیر دەکات. حکومەتێک لەوێ بە ئەساسی ئەمری سیاسی لە ئاڵمان دا دادەمەزرێنێت و کەسێک فەرانسەیی دەکات بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە. دواتر کە حکومەتی هیتلەر ڕووخا، ئەو سەرۆک کۆمارەی فەرانسە دەگیرێت و دادگا بڕیاری لەسێدارە دانی بەسەردا دەسەپێنێت. ئەم بەشدارییەی بە خیانەتی نیشتمانی پێناسە دەکات. دیارە زۆر نموونەی جیهانی هەیە بۆ ئەم بابەتە و پێم وایە ئەم نموونە بەس بێت بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە.

دەکرێت لە کوردستانیش بە هەمان شێوە بێت. بە هۆی شێوەی پەیوەندی ئیرانی و کورد کە باسمان کرد، بەشداری کردن لە ئەمری سیاسی ئیرانی بە خیانەت پێناسە بکرێت و ئەگەر دادگای نەتەوەیی سەربەخۆ ببێت دەتوانێت باس لە سزای تایبەت بەو خیانەتە بکات.

ئەساسەن بەشداری کردن لە ئەمری سیاسی داگیرکەر و دوژمن جیا لە ڕوانگە سیاسییەکەی کارێک نائەخلاقی و دژە نیشتمانییە و ئەمە لە لای نەتەوە جیاوازەکانی جیهان وەکوو پرەنسیپی نەتەوەیی باس دەکرێت. بۆیە ئەگەر کاتێک باس لە هەڵبژاردن لە ئیران و عێراق و تورکیە و سوریە ئەکرێت، جیا لەوەی کە لە کام وڵات ئەم پرۆسە سیاسییە بەڕێوە دەچێت، پێویستە بایکۆت بکرێت. ڕەگەزی ئیرانی و عێراقی و سوریەیی و تورکیەیی لە کوردستان ڕا داگیرکەر و دوژمنانەیە و هەر چەشنە بەشداری کردن لە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە هۆکاری مەشرووعیەت دان بە سیستەمی داگیرکەر لە کوردستان. ئەوەی کە خەڵک لە سیستەم هەڵبژاردن دا بەشداری ئەکەن، واتە خەریکن لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات بەشداری ئەکەن و مەشرووعیەت دەدەن بە ئەو حکومەتە و ئەمە هیچ پەیوەندی بە دۆخێک تایبەتەوە نییە بەڵکوو پەیوەندی بە زاتی پەیوەندی نێوان کورد و ئیرانیە. بۆیە لە ڕاستیدا کاتێک کە باس لە بایکۆت کردنی ئەم هەڵبژاردنانە دەکرێت، بە بێ ڕەچاو کردنی ئەوەی کە کێ خۆی بەربژێر کردووە؟ و حکومەت بەدەستی کێیە؟ دەبێت باسی بکرێت. ئەساسەن هەرکەسێک کە خۆی بە ئیرانی پێناسە دەکات و لە ڕەگەزی ئیرانیە دەبێت وەکوو دوژمن و داگیرکەر پێناسە بکرێت و ئەمە جیایە لەوەی کە کێیە و چییە. تۆ فەرز بگرە کە ژن ببێتە سەرۆک کۆماری ئیران و یا کوردێک ببێتە سەرۆک کۆماری ئیرانی، هێشتا هیچ لە شێوەی پەیوەندی ئیرانی و کورد ناگۆڕێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەحزابی کوردی بەردەوام ماتڵن بگەڕێنەوە بۆ ئیران و لەوێ لە سیستەمی ئیرانی بەشداری ڕاستەوخۆ بکەن، قەد باسی ناکەن. ئەوەی کە تۆ شکڵ و فۆرمی ئەم پەیوەندییە دیاری دەکەیت، پێش بە بەشداری کردنی سیاسی لە ناو ئەو سیستەمە دەگرێت و بۆیە ئەوان بەردەوام لە کاتی بایکۆت کردنی ئەم هەڵبژاردنانەدا بەس باس لە دۆخێک تایبەت و یا کەسایەتیەک تایبەت دەکەن. ئەوان باس لە شێوەی پەیوەندی کورد و ئیرانی ناکەن.

دەرئەنجام:

لە کۆتایی دا دەتوانین باس لەوە بکەین کە هەر چەشنە بەشداری کردن و هاوکاری کردنی کورد لە سیستەمی ئیرانی و ئەمری سیاسی ئیرانی دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانی و خیانەت لە نەتەوەی کورد. ئەم بابەتەش پەیوەندی بە حکومەتێک تایبەت نییە کە لە تاران بێت و یا دۆخێک تایبەت کە لە ئیران بوونی هەبێت و بەڵکوو پەیوەندی بە زاتی پەیوەندی نێوان کورد و ئیرانی هەیە و مادامێک کە کورد و ئیرانی بوونیان هەیە، ئەم بابەتەش بەم شێوە بوونی هەیە و ناتوانێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەساسی ئەم بابەتە لە ئیستدلالی لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێژێت نالۆژیکیە کە تۆ هاوکاری و بەشداری بکەی لە سیاسەتی دوژمنی خۆتدا و پەیوەندی بە بەرژەوەندی حزبی و لایەنی سیاسی نییە و سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی و پرەنسیپی نەتەوەیی.

نووسەر:

مەسعود پژووهی

وڵامێک جێ بێڵە

تکایە کۆمێنتەکەت بنووسە!
تکایە لێرە ناوی خۆت بنووسە