بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر نووسینگەی ک.ن.ک لە هەولێر و هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت مەحکووم دەکەین.

 

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانان، ١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی، لە ئەنجامی هێرشی چەکداری بۆ سەر نووسینگەی سەرەکیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر، بە داخەوە هەڤاڵ دێنیز جەودەت”هێڤی” لە لایەن تیرۆریستانی سەر بە ڕژیمی تورکیەوە تیرۆر کرا.

ماوەیەکە کۆمەڵێک جمووجۆڵی نایاسایی و نائاسایی” نیزامی و تیرۆریستی لە عەرز و ئاسمانەوە” لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە و بە تایبەتی دوو ڕژیمی تورکیە و ئێران لە هەرێمی باشووری کوردستان بە چڕی دەستی پێکردۆتەوە و گەیشتۆتە ئاستێک کە تا ڕادەیەک مان و مەوجوودیەتی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە مەترسیەوە.

ئەم کردەوانە کە بە چاوساغیی هەندێک لە داردەست و سیخورەکانی ئەم دوور ڕژیمە لە باشووری کوردستان و بە تایبەتی بە هاوکاریی کۆمەڵێک خیانەتکاری کوردەوە بەڕێوە دەچن، تێیدا ئامانج لە ناوبردن و لەبار بردنی جووڵانەوەی ڕزگاری خوازیی گەلی کورد و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی خستنە ناو هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە.

هاتووچۆ و تەڕاتێنی کەسانی سەر بە دەزگا سیخوڕی و ئیتلاعاتیەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران و دەزگای میتی ڕژیمی تورکیە لە باشووری کوردستان و هەروەها ڕێگە لێ نەگرتنیان و لە هەندێک جار دا هاوکاری کردنیان، ئەم چەشنە کارەساتانەی لێدەکەوێتەوە و بەم شێوەیە بچێتە پێش، دەبێ چاوەڕوانی خەسار و قوربانیی زیاتریش بین، هەر بۆیە داوا لە هێز و لایەنە بەرپرسیار و پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە هوشیاری و جیدیەتەوە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان و سیخوڕەکانی سەر بە ئیران و تورکیە بدەن و ئیزن مەدەن ئاوا بە ئاسانی تێکۆشەرانی پارچەکانی دیکەی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان تیرۆر و شەهید بکرێن.

ئامانجی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات سەرکوت و کوشت و کوشتاری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و لە لایەک و هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر سەروەریی خاکی باشووری کوردستان لە قەندیلەوە تا کەرکووکی هەمیشە کوردستانی و پەلامار و هێرشەکانیان بۆ سەر ڕۆژآوای کوردستان و لە دوایین پەلاماریان، هێرش بۆ سەر فڕۆکە خانەی عەربەت، جیا لەوەی پیلانێکە بۆ کۆتاییهێنان بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، تێکدانی ئەم دوو قەوارە سیاسیەیە کە پێیان دەوترێ هەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان.

لە وەها هەلومەرجێک دا ویرای ئەوەی داوا لە هێزو لایەنە سیاسیەکان دەکەین کە دان بە خۆیان دابگرن و بە بێ ئەوەی یەکتر تۆمەتبار بکەن، بە دوای تاوانباری سەرەکیەوە واتە داگیرکەرانی کوردستانەوە بن، چونکە بۆ هەر تاوان و جینایەتێک کە بە نیسبەت کوردەوە روودەدا بەرپرسیاری یەکەم و هۆکاری سەرەکی ئەم چوار دوژمنەی کوردن ” ئێران، عێڕاق، سوریە و تورکیە”

هاوکات لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە هێرش کردنە سەر فڕۆکە خانەی عەربەت کە بە داخەوە تێیدا سێ پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”ڕابەر ئەنوەر محەممەد، ئیڤان عەدنان حەسەن، هیوا قادر حەسەن”  شەهید و سێ کەسیش بریندار بوون، مەحکووم دەکەین و وێڕای سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان بە گشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بنەماڵەی ئەم پێشمەرگانە بە تایبەتی، داواکارین بەدوا داچوونی بنەڕەتی بۆ بنەبڕکردن و کۆتاییهێنان بەم چەشنە هیرشانە بکرێ.

هەروەها وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی تیرۆری هەڤاڵ دێنیز و داخوازی لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ بە دوا داچوون و دۆزینەوەی خێرای تیرۆریستان و ڕادەستکردنیان بە دادگا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە نەتەوەی کورد و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گشتی و ماڵبات و بنەماڵەی شەهید دێنیز بە تایبەتی ڕادەگەیەنین.
رووحی شەهید دێنیز شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕیز و ڕێگە و ڕێبازی بەردەوام بێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ی کوردی
١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply