پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان:

حەفتا و هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٦٤٦ی کوردی، ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ی زایینی ، لە سەر ڕێچکە و ڕێبازی کوردیزم و  ناسیۆنالیزمی کوردی بە سەرۆک کۆماریی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم کۆماری مۆدێرن و ئەوڕۆیی لە ژێر ناوی کۆماری کوردستان بە پێتەختیی شاری مهاباد دامەزرا.

کۆماری کوردستان درێژکراوەی هەمان خەبات و شۆڕشەکانی پێش خۆی واتە شۆڕشی هەمزاغای مەنگوڕ، جەجووخان، قەدەم خێری قەڵاوەند، سمایل ئاغای سمکۆی باوکی ناسیۆنالیزمی کورد ، بی بی مریەمی بەختیاری، فەرزندە و برۆی حسکی ، داوود خانی کەلهوڕ و تەنانەت لە ژێر کاریگەری و کارتێکەریی شۆڕشەکانی پارچەکانی تری کوردستانیش بوو.

پانتایی کۆمار کە هەندێ کەس پێیان وایە هەر بریتی بووە لە موکریان و هەندێ ناوچەی تر، بەڵام ڕێکخستنەکانی کۆمار تا ناوچەکانی زۆر خوارووی کوردستان واتە کرماشان و ئیلام و خانەقینیش پەلی هاویشتبوو و کەسانێکی وەک  ئیبراهیم خانی نادری خه‌لکی کرماشان، یه‌دوڵڵا خانی ڕه‌زایی خه‌لکی شاری گێڵان وەک بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ژێ کاف لە ناوچەکانی کەلهوڕ  و  ڕه‌شید باجەڵان خه‌ڵکی شاری خانه‌قین به‌رپرسی رێکخستنه‌کانی کۆمار له‌ کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری بوون.

هاوکات پارچەکانی دیکەی کوردستان هەر وەک چۆن پێشتریش لە شۆڕش و خەباتی پارچەکانی تر دا بەشدارییان کردبوو ، ئەمجارەش نوێنەری پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کۆمار دا بەشدار بوون کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە ژێنێراڵ مەلا مستەفای بارزانی بدەین کە لە گەڵ هێزێکی گەورەی پێشمەرگە، ڕۆڵی گرینگیان لە کۆمار دا گێڕا.

کۆماری کوردستان گەرچی بە تەمەن زیاتر لە یازدە مانگی نەخایاند بەڵام ئیرادەی نەتەوەی کوردی

بۆ بنیاتنان و دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان گەیاندە لوتکە و هاوکات کۆمەڵێک شانازی و دەستکەوتی گەورەی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد تۆمار کرد:

حکوومەت و کابینەی وەزیران دامەزرا و سەربەخۆیی سیاسی و کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیەندرا.

ناوی پێشمەرگە وەک هێزی تاک لە ناو سپای نەتەوەیی کوردستان دا دیاریکرا و هێز و سپای کوردستان دامەزرا.

سەدان گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب لە چاپ دران.

وانەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان کرا بە زمانی کوردی.

ژنان و لاوان و منداڵان ڕۆڵیان پێ بەخشرا و ڕێکخراەکانی ژنان و لاوان دامەزران.

دام و دەزگا و ئیدارە و ئۆرگانەکان بە ڕەسمی دامەزران و لە لایەن کوردەوە بەڕێوە دەبردران.

و …

سەرەنجام بە چەندین هۆکاری نێونەتەوەیی و ناوخۆیی وەک کشانەوە و پشتتێکردنی یەکێتی سۆڤیەت و هاوکارینەکردنی وڵاتانی زلهێزی ئەو کات بۆ کورد و هەروەها خیانەتی ناوخۆیی بەشێک لە سەرۆک عەشیرەکانی کورد، کۆماری کوردستان پاش یازدە مانگ ڕووخا و پێشەوا قازی محەممەد لەگەڵ حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی وەزیری بەرگری و ئەبولقاسم سەدری قازی برای پێشەوا لە گۆڕەپانی چوار چرای شاری مهاباد و ڕێک لەو شوێنەی کۆماری لێ ڕاگەیەندرابوو لە ڕۆژی ٣١ی مارسی ١٩٤٧ واتە لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٦٤٧ی کوردی  لە سێدارە دران.

داگیرکەرانی کوردستان بیر کردنەوەیان بەم چەشنە بووە کە ئەگەر ڕێبەرانی خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە سێدارە بدەن ، ئەوە بزاڤی نەتەوەیی کورد کۆتایی پێدێ، غافڵ لەوەی ئەگەر خەباتەکە بۆ ماوەیەک تووشی نسکۆ و شکست دێ، بەڵام چۆک دانادا و ڕێبوارانی ڕێبازەکە درێژە بەو ڕەوت و ڕێگایە دەدەن.

لە ڕەوتی مێژوو دا ، خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان گرێدراوی یەکتر بوون و سەرکەوتنی پارچەیەک، دەستکەوت و سەرکەوتن بووە و کارتێکەری ئەرێنی هەبووە لە سەر هەموو پارچەکان و شکست و نسکۆی پارچەیەک کاریگەری نەرێنی لە سەرگشت پارچەکانی تر داناوە.

هەر وەک چۆن خەبات و تێکۆشان، ئیرادە و خواستی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی

لە کۆماری کوردستاندا خۆی نواند، ئێستا باشوور و ڕۆژآوای کوردستانیش بەرەو هەمان ڕێچکە و ڕێبازی سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسی هەنگاو داوێن و بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆتە وێژمان و گوفتمانی یەکەمی سیاسیی ناو شەقامی کوردستان.

لە ئێستا دا یەکەم کۆمەڵگەی جیهانی کەوتۆتە ئەم باوەڕەی کە بە بێ دابین کردنی مافی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی دیکە  و بنیات نانی دەوڵەت، نەتەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئاشتی و ئەمنیەت و ئاسایش سەقامگیر نابێ و پڕیشکی ئەم ئاگرە نە تەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو داوێنی هەموو جیهان  دەگرێتەوە، و دووهەم ئەوەی کە  تاکی کورد ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئەم باوەڕەی کە مانەوە لە گەڵ داگیرکەر دا، تەنیا بە فیڕۆ دانی خوێن و خەباتی نەتەوەی کوردە و هیچ دەستکەوتێکی نەبووە و نابێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ی کوردی

٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٤ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply