پیرۆزبایی بە بۆنەی یەکخستنی ڕیزەکانی دوو پارتی باکووری کوردستان، پاک و تەڤگەر بوونە یەک و پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانیان ڕاگەیاند.

لە ئەنجامی چەندین دانیشتن و کۆبوونەوەی چڕ، دوو پارتی باکووری کوردستان ” پارتی ئازادیی کوردستان، PAK و تەڤگەری دێموکراتیکی کوردستان TDK” یەکبوونی خۆیان ڕاگەیاند و پارتی وڵاتپاڕیزانی کوردستان PWK یان دامەزراند و بەڕتز مستەفا ئوزچەلیک وەک سەرۆکی پارتی وڵاتپاریزانی کوردستان بە کۆی دەنگی ئەندامان هەڵبژێردرا.
بەم بۆنەوە ڕۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی لە پاریسی پێتەختی فەڕانسە کۆبوونەوەیەک بۆ ناساندنی ئەم پارتە نوێیە بەڕیوە چوو کە تێیدا نیعمەت مومتاز وەک ئەندامی کۆمیتەی ڕێبەری و ئیحسان ئایدین وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارتی لە پێوەندی بە پێڕەو و پرۆگرام و بەرنامەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان قسەیان بۆ بەشداربووان کرد.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بە فەرمی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو کە بەڕێز کاک جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بەشدار بوو و پەیامی بزووتنەوەی پێشکەش بە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان کرد.

سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پەیامەکەی دا وێڕای پیرۆزبایی لە یەکگرتن و یەکخستنی دوو پارتی پاک و تەڤگەر ، پیرۆزبایی لە سەرۆکی پارتە نوێیەکە واتە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بەڕێز کاک مستەفا ئوزچەلیک کرد.

لە بەشێک لە پەیامەکە دا هاتبوو: ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، هەر پێشوازی و پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک بۆ لێک نزیکبوونەوە و یەکخستنی ناو ماڵی دەکەین و هیوا دەخوازین هەموو ئەو هێز و لایەنە کورد و کوردستانیانەی لە بواری بیر و بۆجوون و ئیدەوە لێک نزیکن، یەکبگرن و ببن بە یەک و هاوکات داوا دەکەین کە هاوپەیمانییەکی کوردستانی لە نێوان هێز و لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێک بێ.

شیاوی ئاماژەیە کە هەر یەک لە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی یەکێتیی دێموکراتی کوردانی سووریە و کۆمەڵێک کەسایەتیی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لەم کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply