پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێرانی داگیرکەر، بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

رژیمی داگیرکەری ئێرانی هەر چەند ساڵ جارێک، شانۆیەک لە ژێر ناوی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبا و بە دانی وادە و بەڵێنی درۆیین خەڵکانێکی خۆش باوەڕ دەکێشێتە بەر دەم سندووقەکانی دەنگدان.

بۆ گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو ئوسوولەن بەشداریکردن لە هەر شانۆ و پرسێکی کە لە لایەن  سیستمی داگیرکەرەوە وەڕێدەخرێ، هەڵەیە و بە مانای قەبووڵکردنی داگیرکاری و مەشڕووعیەت و ڕەوایی دانە بە سەرکوت و زیندان و ئێعدام.

هەر چەند ڕژیمی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تاکوو ئەمرۆ، لە ناو خاک و نەتەوەی کورد دا خاوەنی مەشرووعیەت نەبووە، بەڵام بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی ژیناوە جیا لە بەرەورووبوونەوە لە گەڵ کۆمەڵێک قەیرانی نێوخۆیی، لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییش دا تووشی شکست و داڕمان هاتووە و ڕوخسار و سیمای راستەقینەی تیرۆریستیی ئەم ڕژیمە بۆ هەموو جیهان دەرکەوتووە و تووشی قەیرانی ڕەوایی و مەشرووعیەتی نێودەوڵەتی بووە.

ئێستا بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو شکستەکانی، دەیهەوێ بە راکێشانی خەڵک بە گشتی و خوڵقێنەرانی شۆڕشی ژینا واتە نەتەوەی کورد بە تایبەتی بۆ سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن، بە درۆ، سیمایەکی دێموکراسیانە لە خۆی لە ئاستی جیهانیدا پێشان بدا.

لە بنەڕەت دا هەموو ئەوانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ڕژیم کاندید و بەربژێر دەکەن، لە ڕاستای مانەوە داگیرکەری ئێرانی دا تێدەکۆشن، چ ئەوانەی تائیدی سەڵاحیت دەکرێن و چ ئەوانەی ڕەدی سەڵاحیەت دەکرێنەوە.

ئەو کەسەی خۆی وەک نوێنەری کورد پێناسە دەکا و دەچێتە پارلمانی داگیرکەرەوە، لە راستیدا بۆتە نوێنەری رژیم و داردەستی داگیرکەر لە شار و گوندەکانی کوردستان.

ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن و بەشداریی هەڵبژاردنی داگیرکەر دەکەن، دەنگی بەڵێ دەدەن بە فتوای جیهادەکەی خومەینی، بە تاڵان و دزین و بڕین، بە زیندان و ئیعدام و سەرکوت و کوشت و کوشتار و داگیرکاری و لە ڕاستیدا خوازراو یا نەخوازراو دەکەونە داوی خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە.

بۆیە تاکی کورد کە خاوەنی هۆیەت و شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی بێ، دەنگ بە کۆیلایەتی و مانەوە لە گەڵ سیستمی داگیرکاری نادا.

وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان داوا لە تاک بە تاکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین: بە بەشداری نەکردن، بە بایکۆت و تەحریم کردنی شانۆی هەڵبژاردن جیا لە پێداگری لە سەر هۆویەت و ناسنامەی کوردبوون و کوردستانی بوون، بە کردەوە بیسەلمینن کە ئێوە رەوایی نادەن بە داگیرکەر و کوردستان دەکەنە گۆڕستانی ئێرانیە فاشیستەکان.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ی کوردی

٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply