بە ناوی “ژن، ژیان، ئازادی”.
بەشداربوانی کۆنفڕانسی شۆڕشی ژینا، لە دوێنێوە بەرەو داهاتوو ، میوانانی خۆشەویست، ڕێکخەرانی کۆنفڕانس، سڵاوتان لێبێ و ئەم کاتەتان باش و سپاس و دەستخۆشی بۆ پێکهێنانی ئەم دانیشتنە.
خۆشەویستان، بەشدار بوانی هێژا، نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسیە کورد و کوردستانیەکان.
هەر وەک هەموو لایەکتان ئاگادارن، ساڵێک بە سەر شۆڕشی ژینا دا تێپەڕ بووە و بۆ ئەم مەبەستەش لە دەوری یەک کۆبووینەوە تاکوو بزانین لە دوێنێوە چمان کردووە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی ڕوون و گەش، ئازاد و سەربەخۆ.
ئەوەی دوێنێ بۆ سەرکەوتنی شۆڕشەکە نەمانکردووە، ئەگەر ئەمڕۆ نەیکەین درەنگە بۆ داهاتوو.
ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کوردستان و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنیان، دەمانگەیەننەوە چەند خاڵ و هەڵەی هاوبەش، بۆیە خەسارناسیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویست و زەرووریە.
شۆڕشی ژینا بە ڕێبەریی ژنان و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە، چەخماخەکەی لێدرا، بەڵام هێزی دروشم و خواستەکانی توانی سنوورەکان تێپەڕ کا و جیا لەوەی هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی دیکەی ناو جوغڕافیای جەعلیی ئێرانی لە گەڵ خۆی هاوڕێ و هاوڕا کرد ، تەنانەت پێتەختی داگیرکەریشی پەلکێشی ناو شەقام کرد و هاوکات کۆمەڵگای جیهانیشی هێنایە سەر هێڵ.
ڕژیمی ئێران، کە لە دۆخێکی قەیراناویی ئابووریی، سیاسی وکۆمەڵایەتی و … دایە، ئێستا لە گەڵ ڕاپەڕینێک بەرەوڕوویە کە بە دژی ئاسیمیلاسیۆن، کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، ئاپارتایدی نەتەوەیی،زمانی، ڕەگەزی، چینایەتی، ئایینی و فەرهەنگی ڕژاوەتە سەر شەقام و دەردی هاوبەش و خواستی هاوبەشی ناو دروشمەکانی ڕاپەڕینەکە توانیویەتی باقی نەتەوەکانیش لە گەڵ خۆی هاوڕا بکا، هەموو خۆیان تێدا دیتۆتەوە، تەنانەت کۆمەڵگا و خەڵکی فارس و ئازەریش.
بۆ ئەوەی وانە لە ئەزموونەکانی دوێنێ وەربگرین و هەڵەکانی ڕابردوو بۆ داهاتوو دووبارە نەکەینەوە، پێویستە بپڕژێینە سەر خەسارناسیەکانی ئەم شۆڕشە کە لە بەر چ هۆکارگەلێک، شۆڕشەکە تا ڕادەیەک لە کزی و لاوازی داوە :
بۆچی سێڤر سەرنەکەوت و لۆزان سەرکەوت، بۆ شۆڕشەکانی کورد یەک لە دوای یەک سەرەڕای ئەم هەمووە خوێن و بەرخودان و قوربانی دانە نەیانتوانی، ئازادی و سەروەریی نەتەوەیی بۆ نەتەوەی کورد بکەنە دیاری؟ و بۆ، پاش زیاتر لە سەد ساڵ لە دابەشکاریی کوردستان، ئێستاش لە ڕاپەڕینی ژینا دا هەمان ئەو هەڵانە دووپاتە دەکەینەوە؟
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە ئەزموونمان لە قەڵای دمدم، نە لە شۆڕشی سمکۆ و نە لە کۆماری کوردستان و نە لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی وەرگرت و خەریکین لە ڕاپەڕینی ژیناش دا هەر هەمان سیناریۆ و ئەزموون لە گەڵ ئێرانیە داگیرکەرەکان دووبارە دەکەینەوە.
هەر لە پەیمانی سێڤر دا ئەگەر یەکڕیزی، یەکگوتاری و یەکگرتوویی لە ناو ماڵی کورد دا هەبوایە، لۆزانێک نەدەهاتە ئاراوە و ڕووی نەدەدا، ئەگەر ئەمڕۆش ناو ماڵی کورد و بە تایبەتی ڕیزی، هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد و کوردستان ئاوا لێک پڕش و بڵاو بێ، لە چالدۆران و قەسری شیرین و سایکس پیکۆ و لۆزانیشمان خراپتر بە سەر دێننەوە.
ڕاپەڕینی ژینا، سەرەڕای ئەوەی بە باوەڕی ئێمە، ڕووی لە کزی داوە، بەڵام دانەمرکاوە و گڕکانێکە کە ژیلەمۆکانی ژێرەوەی بەردەوام لە گەشانەوە دان و لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە و ڕژیمی ئێرانی، لە تەواویەتی خۆیدا هێنایە لیواری ڕووخان، هەر بۆیە داگیرکەری ئێرانی، بە چەپ و راست و ناوەندییەوە ، لەم ڕاپەرینەی ژینا ترسا، ترس لە گەڕانەوەی خاک و سەرزەمینی نەتەوەکان بۆ خۆیان و دابەشبوونی ئێرانی دەستکرد و جەعلی.
ئەو پرس و ئەو ترسە بوو کە ئێرانیە پاوانخواز و داگیرکەرەکانی بە چەپ و ڕاستەوە، بە ئیسلامی و سەڵتەنەت تەڵەب و موجاهیدینیەوە ، بە بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و پۆزیسیۆنەوە، هێنایە سەر یەک هێڵ، هێڵی مانەوە و راگرتنی دەسەڵاتی ئێرانی بە هەر قیمەت و نرخێک بووبێ.
ژوورە فکرییەکانی سپای پاسداران و سەڵتەنەت تەڵەب و موجاهیدینی و ئێرانیە تەمامیەت خوازەکان، لە یەک بەرە دا یەکیان گرت، ئەوەیش بەرەی دژ بە نەتەوە غەیرە فارس و ئێرانیەکان بوو.
بۆ ئەو مەبەستە سیاسەتی ئاژاوە و دووبەرەکی نانەوە و حکوومەت بکەیان، وەگەڕ خستەوە و لە یەکڕیزیی ناو ماڵی ئەحزابی سیاسیی کوردیان دا، لە ڕێگەی سەڵتەنەت تەڵەبەکانەوە، کاک عەبدوڵلای موهتەدی و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیان لە هێزە کوردییەکان دابڕی، لە ڕێگەی موجاهیدینی خەڵق و بەشێک لە ئیسلاح تەڵەبەکانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەندیک هێزی دیکەیان لە جووڵانەوەی کورد دابڕی و ئەمە یەکەم و سەرەکیترین هەنگاوەکان بوون بۆ لاوازکردن و شکستپێهێنان بە ڕاپەڕینی ژینا.
لە هەلومەرجێک دا کە ڕژیم لە هەموو بارێکەوە کەوتبووە لاوازی و لە زەعیفترین حاڵەتی خۆی دابوو، ڕاپەڕینەکە لە ناوخۆ دا بێ سەر بوو، واتە بێ ڕێبەریەکی سازماندارو بوو، و لەم نێوە دا پێویست بوو هیز و لایەنە کورد و کوردستانیەکان، بە بێ وەبەرچاوگرتنی جیاوازیی فکری و حیزبی و ئیدئۆلۆژیکی و تەنیا لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەییدا، بە سازکردنی هاوپەیمانییەکی کوردستانی ، پێکهێنانی ژوورێکی سیاسی، فکری و عەمەلیاتی، ڕێبەریی ڕاپەڕینەکە وەئەستۆ بگرن، بەڵام بە داخەوە ئەحزابی کلاسیکی کوردی کە خۆیان لە چوارچیوەی ئێران دا پێناسە دەکەن و خۆیان پێ ئێرانیە، تەنانەت زۆر لاوازتر لە کۆمەڵگای مەدەنیی بێ چەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەرکەوتن.
دەنگی شەقام کە هاواری سەربەخۆیی و نەمانی داگیرکەری ئێرانی بوو، نەیانبیست، ڕا و بۆچوون و نەزەری شەقامیان بە لاوە گرینگ نەبوو و لە یەک کەلامدا، خوێندنەوەیان بۆ ڕاپەڕینەکە ، هەڵە بوو ، شەقام شتێکی دەویست و ئەوان باسی شتێکی تریان دەکرد.
نەتەوەی کورد و زۆر یەک لە نەتەوەکانی تر لە سەر شەقام ئامادەی گیانفیدایی بوون کە چی لایەنە فیدراڵخوازە کوردییەکان لە جیاتی ئەوەی توندو تیژیی ڕژیم مەحکوم بکەن، داوایان لە خەڵک دەکرد، توندوتیژی مەکەن و دووکان و بازاڕ داخەن و بە مانگرتنی گشتی لە ماڵەکانتان بمێننەوە.
ئایا ئەو ڕژیمە بەرهەمی خەباتی مەدەنی و مانگرتنی گشتیە تاکوو بەوە بڕووخێ؟ ئایا ئەم ڕژیمە لە زمانێک جگە لە زمانی خوێن وئاگر و گوللە و ئاسن، زیندان و سێدارە و ژینۆساید و کوشت و کوشتار تێدەگا؟
بە باوەڕی ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، شۆڕشی ژینا باشترین دەرفەت و هەلی ڕەخساو بوو بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ڕژیمی ئێران و ئێستاش بە تەواوەتی لە دەست نەچووە، بەڵام تا ئێستا ئەحزابی کلاسیک، وێڕای سازکردنی دووبەرەکی، نەیانتوانی بیکەنە تەنانەت هەلێک بۆ موزاکرە و دانوستان لە گەڵ بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش و لە ڕاستیدا ئەوەی گەل لە شەقام بە خوێن و قوربانیدان وەدەستی هێنابوو، هەرزان فرۆشیان کرد و دیسان لە سەر میزی بە ناو سیاسەت دۆراندیان.
داینەمۆ و دەستپێشخەری شۆڕشی ژینا و هاوکات ڕێبەریی شەقامی ڕاپەڕیو لە دەستی ژنان دابوو، بۆیە سیاسەت و عەقڵیەتی پیاو سالارانەی شکست خواردووی سەدان ساڵەی ئەحزابی کلاسیکی کوردی لەو راپەڕینەش دا، نەیتوانی و ناتوانێ وەڵامدەر بێ.
پێویست بوو، لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا مەیدان بۆ ژنانی چالاک و تێکۆشەر و سیاسەتمەداری کورد چۆڵ بکرێ و ڕێبەری بەوان بسپێردرێ، و لە ئێستاش دا ئەگەر ئەم کارە بکرێ، بێگومان جیا لەوەی شەقامی ناوخۆ هێز دەگرێتەوە، پالثشتیی بەرینی کۆمەڵگای جیهانیش بە دوای خۆیدا دێنێ و سەرکەوتنی مسۆگەرە.
بە سپاسەوە
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان