بیست و دووهەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

ڕۆژی ۲۰ و ۲۱ی مانگی ئاپریلی ساڵی ۲۰۲۴ی زایینی لە وڵاتی هولەند بیست و دووهەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە بەشداری زۆرێک لە ئەحزاب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان و چەن ڕێکخراوەی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان بەڕێوەچوو. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بانگهێشتی ئەم کۆنگرەیە بەشدار بوو لەم کۆنگرەیە دا. مەسعود پژوهی وەکو ئەندامی ڕێبەرایەتی و ناهید بووستانی وەکو بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەم کۆنگرەیە دا بەشداریان کرد.

لەم کۆنگرەیەدا زۆرێک لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کوردستان لە چوارپارچەی کوردستان خرایە بەر باس. هەروەها باس لە ئاڵوگۆڕە جدیەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی کرا. دیارە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئەم ئاڵوگۆڕە جدیانەی هەم بە مەترسی پێناسە کرد بۆ نەتەوەی کورد کە دەوڵەتی نیە و بەو بۆنەیەوە مەترسیەکان لەسەر کوردستان و کورد دەتوانێت زۆر جدی بێت لەبەر ئەوەی کە پشتیوانی نیە و ئەوە دەوڵەتە کە دەتوانێت پشتیوانی جێگای متمانە بێت بۆ هەر نەتەوەیەک و نەتەوەیە کە دەوڵەتی نیە لە ڕاستیدا مەترسی زۆر جدی لەسەر خۆی دەبێت ببینێت. هەروەها ئەم ئاڵوگۆڕانە دەتوانێت دەرفەت بێت بەهۆی ئەوەی کە ئاڵوگۆڕی لە بەرژەوەندی نەتەوەیی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی دروست دەکات و جێگای هەیە کە بکرێت ئێمەش وەکو کورد بەرژەوەندی خۆمان لە ئاستێک بەرز دا بپارێزین و بۆ ئەو کارە پێویستە کە پلاتفۆرمێک نەتەوەیی و جیا لە ئایدیالۆژی حزبی دروست بکەین کە ساحێب یاسا و بەرنامەی تایبەت بێت کە بتوانێت جێبەجێکاری یاسای نەتەوەیی کورد بێت. پێویست دەکات کە کورد وەکو نەتەوەیەک لە ئاستی جیهانی دا سیاسەت بکات و بۆ ئەو بابەتەش پێویستە کە سیاسەتی خۆی لە ئاستی ئتنیکی بگوازێتەوە بۆ ئاستی نەتەوەیی. ئەم کارە پێویستی بە دیتنەوەی دۆخی ناوماڵی کوردە کە لە ئاستێکی بەرزتر لە حزبیدا بە ڕێکخستن بکرێت.

هەروەها لە پەنڵێک دیکەدا کاتێک کە باس لە ستراتیژی کۆنگرەی نەتەوەیی کرا، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان باسی لەوە کرد کە لە ستراتیژی ئەم کۆنگرەیەدا ڕۆڵی خەڵکی کوردستان بە ڕۆڵی سیاسەتی حزبی بینراوە و ئەمە دەتوانێت لە داهاتوو دا مەترسی دروست بوونی ئستبداد لەگەڵ خۆی بێنێت و بۆیە پێویستە کە ئەم ستراتیژیە و نەخشە ڕێگایە نەسپێردرێت بە تەفسیری حزبی و هەرکەسێک بۆخۆی بەڵکو هەوڵ بدرێت کە بە وردی نەخش و ڕۆڵی خەڵک وەکو بابەتێک مۆدێڕن دیاری بکرێت و ئەمە وا دەکات کە بنەمای دموکراتیک بوونەوەی کوردستان دابڕێژین . جەختی لەسەر ئەوەی کردەوە کە کۆمەڵگای مەدەنی پێویستە ڕۆڵی پۆلیسی لەبەرانبەر دەسەڵات و سیاسەت هەبێت.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان باسی لەوە کرد کە ئێمەی کوردستانی زیاتر لەوەی کە باس لە خۆمان بکەین خەریکین باس لە بێگانە دەکەین و ئەمە وای لێ کردوین کە نەتوانین خۆمان و کێشە ئەساسیەکان خۆمان ببینین. بۆ نمونە کاتێک کە سەیری خۆمان دەکەین لە بچووکترین کێشەی سیاسی ناوماڵی کورد دەست دەدەینە چەک و یەکتر دەکوژین، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بانگەشەی هێنانی دموکراسی و کولتوری دموکراتیک دەکەین بۆ نەتەوەی داگیرکەرەکانی کوردستان. ئەم نەدیتنی خۆمانە وا دەکات کە تەنانەت خواستی خەڵکی کوردستانیش نەبینین. لە ڕاستیدا دیتنەوەی خۆمان وا دەکات کە هەنگاوی جدیتر بەرەو دموکراتیزە بوونی کوردستان هەڵنێین و هەنگاوی جدیتر دانێین بۆ ئەوەی کە بتوانین کوردستان بەرەو ڕزگاری ببەین.

دیارە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەوڵی بەردەوامی ئەوەیە کە ئەحزاب و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بەرەو ئەو جێگایە ببات کە دەوڵەتی کوردی وەکو هەمو دەوڵەتانی دیکەی جیهان بەرهەم بێنێت و بۆ ئەو کارەش پێویستی جیدی هەیە کە یاریکەرانی سیاسی لە کوردستان بەو قەناعەتە بگەن کە کەرامەتی ئینسانی کورد و کوردستانی لەوەدایە کە ساحێب سەروەری سیاسی و ئابوری و چیتری خۆی بێت و بتوانێت وەکو هەمو نەتەوەکانی دیکە لە بازنەی نێونەتەوەیی بوونی هەبێت و بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە کە زۆرینەی ئەحزاب و ڕێکخراوەکان بەو باوەڕە بگەن.

لەم پێوەندیەدا نوێنەرانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەگەڵ چەندین ڕێکخراوە و حزبی کوردستانی دا کۆبوونەوەیان هەبوو و باس و بابەتەکانیان خستوەتە بەرباس. لەم دیالۆگ و وتوێژانەدا توانیان هەم سەرنجی ڕێکخراوەکان بۆ دیتنەوەی داهاتوو ڕابکێشن و هەم بۆ کاری هاوبەشی زۆرتر کە بە پێویستی دەزانین لە بازنەی سیاسی کوردستان بکرێت.

دیارە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ڕەخنە و پێشنیاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەبوو کە بریتی بوون لەم چەن خاڵە.

یەکەم:

کاتێک کە سەیری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەین و هەروەها ئەحزاب و لایەنەکان دەتوانین ببینین کە گەنجانی کوردستان ڕۆڵێک زۆر کەمیان پێدراوە و ئەمە دەتوانێت لە داهاتووی کوردستان دا بۆشایی دروست بکات و ئاستی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان بچووک بکاتەوە.

دووهەم:

گرنگە کە ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان زۆرتر و فراوانتر بکرێت و مەیدانی زۆرتر بە کۆمەڵگای مەدەنی بدرێت.

سێهەم:

نەبوونی یاسایەک نەتەوەی و ئۆرگانێک جێبەجێکاری ئەم یاسایە وا دەکات کە ڕێکخراوە سیاسیەکان هەرکەس بۆخۆی بەرژەوەندی دیاری بکات و ئەساسەن بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو نەگیرێت.

چوارەم:

ڕەنگ و بۆی کۆنگرەی نەتەوەیی ڕەنگ و بۆی ئایدیالۆژی پێوە دیارە و ئەمە وا دەکات کە هاتنی ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی دیکە کەمتر بێتەوە و ترسی ئەوەیان هەبێت کە لە یەک ئایدیالۆژیدا بتوێنەوە و نەتوانن سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی خۆیان بپارێزن.

بەگشتی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وەکو چۆن لە مێژووی کار و چالاکی خۆیدا هەوڵی داوە کە بتوانێت لێکتێگەشتن و تەفاهوم لەکۆمەڵگای کوردستان دروست بکات لەم کۆنگرەیەش دا هەوڵی ئەوەی هەبوو کە بتوانێت ئەم بابەتانە زۆرتر بخاتە بەرباس و جەختی لەسەر بکاتەوە.

 

بیست و دووهەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply