پەیامی نەورۆزیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

نەرۆز وەک بەشێکی گرینگی شوناس و پێناسەی نەتەوەی کورد، هێمایە بۆ خۆڕاگری، یەکدەنگی،یـەکڕیزی و تەبای ناو ماڵی کورد.

وێڕای پیرۆزبایی لە ئێوەی ئازیز و گشت خەڵکی کوردستان هیواخوازین نەورۆزی کـوردەواریی ئەمساڵ ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و یەکخستنی زیاتری ناو ماڵی کورد و هێز و لایەنە سیاسیە کورد و کوردستانیەکان.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

نەورۆزی کوردەواری لە گشت لایەکتان پیرۆز بێ.

لە دوای دابەشکردنی خاکی کوردستان و داگیرکرانی وڵاتەکەمان لە لایەن چوار داگیرکەری ئێرانی، عێڕاقی، سووری و تورکیەیی، گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان، هەر چەند لە ژێردەستەیی و سیستمی چەوسێنەری داگیرکەران دابووە، بەڵام بەم حاڵەشەوە هەموو ساڵێ لە ساڵانی پێشووتر جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی  بە گوڕ و تینی زیاترەوە بەڕێوە بردووە.

نەورۆز هێمای یەکدەنگی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردە و هەر بۆیە جیا لە هەر چوار پارچەکەی نیشتمان، لە تارواگە و دیاسپۆرا و بە گشتی لە هەر شوێنێک کوردی لێبێ، بە گوڕ و تینی نەتەوەییەوە بەڕێوە دەبردرێ.

لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، نەورۆز بە مۆرک و پێناسەی نەتەوەیی و کوردیەوە هەموو ساڵێک بە شکۆوە بەڕێوە دەچێ.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای زەبر و زەنگی داگیرکەری ئێرانی، نەورۆز پڕشکۆتر و نەتەوەییتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە دەچێ.

کوڕان و کچانی کوردستان بە کردنەوەی ئاگری پیرۆزی نەورۆز و بە جلوبەرگی ئاڵا و واڵا و ڕەنگاوڕەنگی کوردیەوە تابڵۆیەک لە ڕەنگەکان  دەخوڵقێنن کە نەخشێکە لە جیلوەیی جوانی دا نەخشێندراوە.

هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

نەورۆز هێمای یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردە و بۆیە هەڵەیەکی مێژووییی و کارەساتبارە ئەگەر بە حیزبی بکرێ و کورت بکرێتەوە لە موڵکی هێز و لایەنێک دا و یان مۆرکی تەسکی حیزبایەتی لێبدرێ.
نەورۆز، وەک سروشتی کوردستان ڕەنگاوڕەنگە و نابێ لە ڕەنگێک دا قەتیس بکرێتەوە، ناو لێنان لە نەورۆز بۆ مەبەستی تەسکی حیزبایەتی، بێڕێزیە بەم هێما بەرز و نەتەوەییە و تەنیا لە ئیدئۆلۆزیی داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان دا مۆرک و بەرچەسپ لە هێما نەتەوەییەکانی نەتەوەیەک دەدرێ کە تێیدا ئامانجیان یەکەم بچووک کردنەوەی ئەم هێمایەیە و دووهەم خستنە ژێر رکێفی خۆیانە بۆ خزمەتکردن بە بیر و عەقڵیەتی بەرتەسکیان و بە گشتی بە حیزبی کردنی بۆنە نەوتەوەییەکان، خەیانەتە نە خزمەت، ئێوە مەبنە ڕێگە خۆشکەر بۆ پێش گرتنی زیاتری ئەم بۆنەیە لە لایەن داگیرکەرەوە، با لێیگەڕێن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەک چۆن ساڵانی پێشووتر، خۆڕسکانە نەورۆزیان کردۆتە هێمای نەتەوەیی و  بەرخۆدان، با ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش هەر بەم چەشنە بەڕێوەی بەرن.
لە ئاوی لێڵ ماسی مەگرن و مەبنە حازر خۆری بەر سێبەر و هەوڵ مەدەن سواری شەپۆلەکە بن و بیخەنە بن رکێفی خۆتانەوە بۆ بیری تەسکی حیزبایەتی، نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەییە و وەک هەندێک بۆنە و شۆڕش کە شێواندووتانە تێکی مەدەن و مەیشێوێنن.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە هەموو لایەک پیرۆز بێ و دڵنیاتان دەکەینەوە کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارا دایە کە لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دا دەچێتە پێش و ئازادی و سەربەخۆیی و دامەززانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نزیکە، ساڵی نوێ مزگێندەری ئازادی و سەربەستیە و هیواخوازین نەورۆزی ساڵی داهاتوو لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ دا دەست لە ناو دەستی یەک بەڕێوە بەرین.
دیسان جەژنی نەتەوەیی نەورۆزتان لێ پیرۆز بێ، سەردەکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بۆ دەستەبەربوونی سەروەری سیاسی و سەربەخۆیی.

نەورۆزتان پیرۆز بێ و هەموو ڕۆژێکتان جەژن و خۆشی و شادی بێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووهاوسەرۆکی پێشووی پژاک”رەحمان حاجی ئەحمەدی”کۆچی دوایی کرد.
بابەتی دواترکتێبی “دەنگی بەرخۆدان Voice of Resistance” لە نووسینی ئاشتیاکۆ پوورکەریم، چاپ و بڵاو کرایەوە

4 کۆمێنتەکان

Leave a Reply to jalaliveCancel reply