چوار لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا.

هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وەک زەروورەت و پێویستیەکی سیاسی و مێژوویی پێکهات.

سەرەنجام پاش دوو مانگ کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK پێک بێ و بڕیارە لە ڕێکەوتی ٩ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی کاتژمێر ١٧ بە کاتی ئورووپای ناوەندی بە شێوەی ئانلاین بە ڕەسمی و بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد و بیانی و هەروەها بە بەشداریی میدیاکار و ڕۆژنامە نووسان کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی و راگەیاندنی هاوپەیمانی بەڕێوە بچێ.

لەو هاوپەیمانییە دا بڕیار دراوە کاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بکرێ .

پێکهێنەرانی هاوپەیمانی لەو باوەڕە دان کە بەم چەشنە دەتوانن ببین بە ئادرەسێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و کوردستان ، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی و هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە لە گەڵ سەرجەم هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە بریتین لەم چوار لایەنە:
١ ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
٢ یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
٣ تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان
٤ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

پاش پێکهێنانی هاوپەیمانی لە لایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنە لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ١٧ کەس وەک ئەندامی ڕێبەریی گشتی هەڵبژێردران .
دواتر لە کۆبوونەوەی ڕێبەریی گشتی دا ٥ کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردران کە بریتین لەو کەسانە:
ڕۆستەم ئەڵماسی
مێهران میرزایی
عەلی فەزڵی
جەماڵ پوورکەریم
سەردار وەلەدبەیگی
پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە کۆی دەنگ جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵبژێردرا.

وڵامێک جێ بێڵە

تکایە کۆمێنتەکەت بنووسە!
تکایە لێرە ناوی خۆت بنووسە