پەیامی پیرۆزبایی HSK بە بۆنەی بیست و حەوتەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتى کرێکاران و ڕەنجدەرانى کوردستان
سکرتێری گشتیی پارتى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان،كاك باپیر کامەلا
ئەندامانی سەرکردایەتی
هۆگران و لایەنگرانی پارتى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
بە بۆنەی ٢٧ـە مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئێمەتان پێشکەش بێ، هیواخوازین ئەزموونی ٢٧ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەتان ببێتە مایەی سەرکەوتن و سەربەرزیی زیاتری کورد و کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانتان بۆ یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد پتەوتر و خێراتر بکەن.
پرش و بڵاویی هێز و لایەنە کوردستانیەکان خزمەت بە پرسی نەتەوەیی گەلی کورد ناکا و تەنیا تەبایی و یەکڕێزی و یەکگرتووییە کە نەتەوە و نیشتمانەکەمان بەرەو پێشکەوتن و ئاوەدانی دەبا و ئازادی و سەربەخۆییمان مسۆگەر دەکا.
قۆناغی هەستیاری ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی وا دەخوازێ کە ئێوەی خۆشەویست بە پێی ئەزموونی سێ دەیە خەبات و تێکۆشانتان ڕۆڵی کاریگەر و ئەرێنی لە پێناو یەکخستن و یەکبوونی ناو ماڵی کورد دا بگێڕن.
هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بە هێزی نیشتمانی کە بریتی بێ لە هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەر هەموومانە و ئەو هێز و لایەنانەی کە لە خەبات و تێکۆشان دا ئەزموونی دەیان ساڵەیان هەیە، ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکەیان لەو پێناوە دا قورستر و زیاترە تاکوو هەوڵ بۆ ئەم یەکڕیزییە بدەن .
پیرۆز بێ یادی ٢٧ ساڵەی دامەزراندنی پارتى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان
سەرکەوێ خەباتی سەربەخۆییخوازانەی نەتەوەی کورد لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی
١ی فێوریەی ٢٠٢٢ی زایینی