میتحەت سانجار: ئامانجمانە زیاتر لە 15%ی دەنگەکان بەدەستبهێنین

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە  رایگەیاند:”  ئامانجمانە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتووی تورکیادا زیاتر لە 15%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بەدەستبهێنن و بە جۆرێک هیچ بڕیار و یاسایەک لە پەرلەمان بەبێ دەنگی ئێمە نەدرێت”.

سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە  بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند: ” هەڵوێستمان  نەگۆڕە لەوەی کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتوودا بچینە نێو هیچ هاوپەیمانییەک، چونکە ئێمە هاوپەیمانی خۆمانمان هەیە، ئەویش هاوپەیمانی دیموکراسییە، دەمانەوێت هاوپەیمانییەکەمان گەورەتر بکەین”.

هاوسەرۆکی هەدەپە وتی: “لە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دا، خوازیارین سەرجەم پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بنەمای هاوبەش رێکبکەون. تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوەی پێویستە بکرێ، هەردوو قۆناغی راگوزەرە کە چۆن دەبێت و لەو نێوەندەشدا بەربژێری سەرۆککۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێ”.

سانجار ئاماژەی بەوەدا: “بۆ ئەو مەبەستە 11 ماددەمان داڕشتووە، ئەمانە پێشنیازەکانی دانوستاندنن، شتێک نین بەسەر کەسدا سەپێندرابن. بەم ناونیشانانە دانوستاندنێکی هاوبەش بەڕێوەبچێت و بگەینە رێککەوتن، ئیمە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار ئامادەین”.

پرسیار لە سانجار کرا، هاوپەیمانی دیموکراسی لە هەڵبژاردنی داهاتوو چەند کورسی بەدەستدەهێنێت؟ لە وەڵامدا وتی: “ئامانجمان ئەوەیە لەو پەرلەمانەدا هێزێکی دیموکراسی هێندە گەورە دروست کەین، کە هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێت بەبێ ئەوەی حیسابی بۆ بکات، هەنگاو بنێ. مەبەستم ئەوەیە ژمارەی پەرلەمانتارەکانمان بەجۆرێک بێت بەبێ ئێمە لە پەرلەمان زۆرینە پێکنەهێندرێت. ئەگەر 600 پەرلەمانتار هەیە، تەنیا بە ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی دیموکراسی لە پەرلەمان زۆرینە پێکبهیندرێ. وەک رێژەی دەنگ، ئامانجمان ئەوەیە زیاتر لە 15%ی دەنگەکان بەدەستبهێنین”.

تورکیا بەسەر دوو هاوپەیمانیدا دابەش بووە، ئەوانیش هاوپەیمانی کۆمار (ئاکپارتی و مەهەپە) و هاوپەیمانی میللەت (جەهەپە  ئیی پارتی)، هەرچەندە هاوپەیمانی دووەم کە ئۆپۆزیسیۆنە، باوەشی بۆ چوار پارتی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن کردەوە، بەڵام هەدەپە لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکەیە.

لە پەرلەمانی تورکیا بەربەرستی هەڵبژاردن 10٪ بوو، لە سێ هەڵبژاردنی رابردوودا هەدەپە توانی ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت، بەڵام هەفتەی رابردوو پەرلەمانی تورکیا یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە و بەربەستەکەی بۆ 7٪ کەمکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەپێی راپرسییەکان دەردەکەوت، کە مەهەپەی هاوپەیمانیی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێژەی دەنگەکانی ناگاتە 10٪.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودوو خاڵی سەربازیی فەوجی 87ی حەشدی بۆردوومانکرا
بابەتی دواتروەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئازادکردنی زیندانییە ئێرانییەکان رەتدەکاتەوە

1 لێدوان

Leave a Reply