کورد و کوردستانیانی ئازیز
لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەن سالی نوێ و جەژنی نەتەوەیی کوردان، جەژنی نەورۆزتان لێ پیرۆز بێ و هیوادارین ساڵی نوێی کوردی ببێتە ساڵی سەربەستی و ئازادیی نەتەوەی کورد و ببێتە دەسپێکی دامەزراندنی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی کوردستان و کۆتاییهاتن بە داگیرکاریی کوردستان.
لە کاتێکدا ساڵی نوێی کوردیی ٢٧٢٤ جەژن دەگرین کە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتی و جیهان بە گشتی بەرەو ئاڵووگۆڕی بنەڕەتی و هاوکات چارەنووسساز بۆ گەلی کورد هەنگاو داوێ.
خەبات و تێکۆشانی بێوچانی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەر بوونی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بەردەوامە و زاڵ بوونی گوتار و وێژمانی سەربەخۆییخوازی لە ناو گۆڕەپان و شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر وێژمانەکانی فیدراڵیسم، خودموختاری و کۆنفیدراڵی، سەلمێنەری ئەم ڕاستیە حاشاهەڵنەگرەن.
“کورد تا دەوڵەتی نەبێ، ئەمە هەر بەشی دەبێ”
“داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی”
“کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان”
“تاکوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ”
هەموو ئەم دروشمانە ڕاستەوخۆ ئاماژەن بۆ خواستی شەقام و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەربەخۆیی.
ئەگەر لە ماوەی دامەزرانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئاوڕێکی کورت لە خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوە بدەینەوە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەگەر ساڵانی پێشوو گوفتمانە پاسیڤەکانی برایەتی گەلان، فیدراڵیسم، خودموختاری وەک گوفتمانی زاڵی کۆمەڵگای کوردستان خۆی وێنا دەکرد، بزووتنەوە بە هاتنە ناو مەیدانی سیاسی توانی کاریگەری خۆی نیشان بدا و ئەم وێژمانانە لە لیستی خواستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بسڕێتەوە و هەر وەک لە شۆڕشی ژینا دا نیشان درا، خواستی گەل،نە خودموختاریە، نە فیدراڵی و نە کۆنفیدراڵی و نە مانەوە لە گەڵ داگیرکەری ئێرانی، بەڵکوو تێکۆشانە بۆسەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
ئەگەر پێشتر بەشێکی زۆری سەرکردە و هێز و لایەنە سیاسی و کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر بە ئێرانیەکان ، زمانیان تەتەڵەی دەکرد و بە ترسەوە وەڵامی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان دەداوە، بەرپرسان و سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ئەم تابۆیەیان شکاند و بە جورئەت و شەهامەتەوە بەرانبەر بە فاشیستی فارس و ئێرانی وەستانەوە و بەرپەرچیان دانەوە و لە ئێستا دا گەیشتۆتە ئاستێک کە جیا لەوەی ئێرانیان بە جەعلی و دەستکرد پێناسە کردووە، ئێرانیبوونیان کردۆتە شەرم و عەیبە.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جیا لە شۆڕشی شوناس و پێداگری لە سەر سەربەخۆیی کوردستان، هاوکات توانی لە ئاستی ناوخۆیی دا بە هێنانە بەر باسی مەنشووری ئازادیی کوردستان و نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور و یاسای کوردستان، دەوڵەت و پارڵمانی کاتی لە تاراوگە، هەوڵ بۆ یەکخستن و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد لە ژێر پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی بدا و لەو ڕاستایەش دا بە هێنانە بەرباسی دامەزراندنی ناوەندێکی نەتەوەیی بۆ هێز و لایەنە سیاسیەکان و بانگهێشت کردنی هەموو لایەنەکان بۆ پێکهێنانی وەها ناوەندێک و سەرەنجام دروستکردنی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، هەنگاوێکی گەورەی بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد هاویشت.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانیشدا بە بەشداریکردن لە سەدان کۆڕ و کۆبوونەوە، سمینار و کۆنفڕانس توانیویەتی پرس و خواستی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد کە بریتیە لە سەربەخۆیی و ڕزگاریی خاکی کوردستان لە دەست داگیرکەر، بە گوێی جیهانیان بگەیەنێ و لەو پێناوە دا بە لۆبیگەری و گرتنی پێوەندی لە گەڵ سیاسەتوان و کاربەدەستانی وڵاتانی جیهانی هەوڵی داوە نوێنەرایەتیی پرسی سەربەخۆییخوازای کوردستان بکا.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە جەژنی نەورۆز لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکەین و هیوای ساڵێکی پڕدەستکەوت بۆ نەتەوەکەمان بە ئاوات دەخوازین و بەڵێن دووپات دەکەینەوە تا گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و بە دروشمی نەسرەوتن تا سەرکەوتن بەرەو لوتکەی سەربەخۆیی هەنگاو داوێین و لە پێناو یەکڕیزیی نەتەوەیی لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
نەورۆز
١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردی
٢١ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی