ڕۆژی شەممە ٦ی مانگی مەی ٢٠٢٣ بە بەشداریی سیروان کەریمی ئەندامی دەستەی کارگێری و نوێنەری بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە شاری یوتیبوریی وڵاتی سوێد، چالاکییەکی مەیدانی بە مەبەستی شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی لە لایەن کۆماری فاشیستی ئیسلامی ئێرانەوە، هاوکات بۆ بێرهێنانەوەی شەهیدانی ٩ی گوڵان،فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان بەڕێوە چوو.
لەو چالاکیە دا کە لە لایەن کۆمیتەی دەرەوەی پژاک ڕێکخرابوو ، وێرای مەحکووم کردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە لایەن سیراون کەریمی یەوە پێشەکش کرا کە دەقی پەیامکە بەم چەشنە بوو:
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: دوژمنانی کورد، فەرزادێکیان لە سێدراە دا و نەیانزانی لە کوردستان هەر ڕۆژ دەیان فەرزاد لە دایک دەبنەوە.
ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ، ٩ی مەی ٢٠١٠ی زایینی،واتە سێزدە ساڵ لەمەوبەر، ڕژیمی پەت و سێدارەی ئیسلامیی ئێران “فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هوولی، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریانی بە تاوانی کوردبوون لە سێدارە دا.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وابوو کە بە تیرۆر کردنی ڕیبەڕانی کورد، بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد، دەتوانێ خەبات و بەرخودانی گەلی کوردستان لە بن بێنێ، بەڵام خەونی خاوی داگیرکەران هەرگیز بە ئەنجام نەگەیشتووە و ئەگەر ئەوان، فەرزاد و شیرین و عەلی و فەرهادیان لە دار داوە، ئەوە هەزاران فەرزاد و فەرهاد و شیرینی تر لە دایکبوونەتەوە، خەبات و بەرخودانی گەلی کورد، ڕیشە دارە و بە تیرۆر و ئێعدام و زیندان و کوشت و کوشتاری داگیرکەران، لە بن نایە و داری ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بە دروشمی نەسرەوتن تا سەرکەوتن و بە فەلسەفەی ” ژن ، ژیان، ئازادی” ئاودێر کراوە.
لە سێزدەهەمین ساڵڕۆژی لە سێدارە درانی شەهیدان “فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هوولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان، وێڕای مەحکووم کردنەوەی سەرجەم جینایەتەکانی ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ هەموو شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازدی و سەربەستیی کوردستان، بەڵێن دەدەین لە بیریان ناکەین و تۆڵەیان دەستێنین و تا سەرکەوتنی یەکجاری، ڕێبواری ڕاستەقینەی ڕێبازی شەهیدانمان دەبین و خوێنی بە ناحەق ڕژاویان لە بیر ناکەین.
هاوکات جارێکی دیکە داوا لە وڵاتانی زلهێز، کۆمەڵگەی جیهانی و هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، لە ئاست ئەم هەموو نەهامەتی و کوشت و کوشتارەی داگیرکەرانی کوردستان بە سەر نەتەوەی کوردیان هێناوە، بێدەنگ نەبن و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوەی کە ئێستا لە ئارا دایە زیاتر پەراوێز بخەن و چیدیکە خوێن و خەبات و قوربانیی گەلانی خاک داگیرکراو نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسک و کاتیی خۆیان.
هەروەها داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین وێڕای بە فەرمی ناسینی ڕۆژی ” ١٩ی بانەمەڕ – ٩ی مەی ” وەک ڕۆژی مامۆستای کورد، کاری جیددی و بە پەلە بکەن بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی ناو ماڵی کورد و هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەلومەرجی هەستیار ئەوڕۆیی و ڕاپەڕینی ژینا و گەڵی ڕاپەڕیوی سەرشەقامی کوردستان ئەوەمان لێ دەخوازێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٦ی مەی ٢٠٢٣ی زایینی
١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ی کوردی