بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: لە سێدارەدانی حەبیب ئەسیوەد مەحکووم دەکەین.

حەبیب ئەسیوەد لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی عەڕەبی ئەلئەحواز”حرکە النضال” لە پێناو دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکەی لە سێدارە درا.

ڕۆژ نییە کە داگیرکەری ئێرانی ڕۆڵەیەکی سەر بە نەتەوەکانی غەیرە فارس نەباتە ژێر پەتی سێدارە و جینایەتێک نەخوڵقێنێ.

ڕژیمی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی ناڕازیانی ئێرانی، پەنا دەباتە بەر هەر جۆرە جینایەتێک بەرانبەر بە نەتەوە خاک داگیرکراوەکان و پێی وایە کە بە لە سێدارە دان و تیرۆری ڕێبەران و کوشت و کوشتاری گەل دەتوانێ، بیر و هزری نەتەوەیی و ئازادیخوازی بنبڕ بکا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە درێژکراوەی هەمان ڕژیمی پەهلەوی و پاشایەتیی ئێرانیەکانە، بە زەبری چەک و کوشت و کوشتار، تا ئێستا توانیویەتی خاکی نەتەوە غەیرە فارسەکان داگیر بکا و ساڵانە جیا لە خاپوور کردنی خاک و سەرزەمینی ئەو نەتەوانە، سەدان کەس لە چالاکانی بەلووچ و کورد و عەڕەبی ئەحوازی و … ئێعدام دەکا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، وێڕای مەحکووم کردنی لە سێدارە دانی حەبیب ئەسیوەد و داواکاری لە کۆمەڵگای مرۆیی جیهان بۆ ئیدانەکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەو باوەڕە دایە کە ڕێگەی سەرکەوتنی خەباتی ئەلئەحواز و سەرجەم نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو جوغرافیای جەعلیی ئێران، یەکڕیزیی و یەکگرتوویی ناو ماڵی نەتەوە غەیرە فارسەکانە و درێژەدان بە ڕێگەی حەبیب و حەبیبەکان، ئازادی و سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییمان مسۆگەر دەکا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ی کوردی
٧ی مەی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply