سی ویەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان پیرۆز بێ.

سی و یەک ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕ(گوڵان)ی ٢٦٩١ی کوردی، ١٨ی مەی ١٩٩١ی زایینی لە هەلومەرجێکی هەستیار و مێژوویی دا کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی ، بە بیری سەربەخۆییخوازیەوە و بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان چەخماخەی بژاڤێکی نەتەوەیی و نیشتمانیان لێدا و ناوی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانیان لە سەر دانا و سەرەنجام ڕۆژی ٣٠ی بانەمەڕ(گوڵان)، ٢٠ی مەی وەک ڕۆژی دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دیاریکرا.

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە هەولومەرجێکدا هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە هیچ حیزب و ڕێکخراو و لایەنێک نە بە دروشم و نە بە ستراتیژی کاریان بۆ پرسی سەربەخۆیی نەتەویی نەدەکرد و بیری ئێرانیبوون و ئێرانیچێتی لەو پەڕی خۆی دابوو.

بە لە دایکبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، پۆل پۆل لاوان و شۆڕشگێڕانی کوردستان پێوەست بە ڕیزەکانیەوە بوون و چەکی پێشمەرگایەتی بۆ سەربەخۆییان کردە شان و لەو پێناوە دا سەدان کەس گیانیان بەختکرد و بوونە شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کە شەهید بوونی کاک سەعید یەزدانپەنا وەک ڕێبەر و دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێڕان سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە.

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە ماوەی سێ دەیەی تەمەنی خۆیدا زۆر جار تووشی کەند و کۆسپ و لێکترازان و نسکۆ و دابڕان هاتووە، بەڵام کۆڵی نەداوە و ئەگەر چی هەندێ جار نەیارانی ئەژنۆیان پێ شل کردووە، بەڵام چۆکی دانەداوە و هەموو جارێ بە هیمەتی تێکۆشەرانی ئەو ڕێبازە هەستاوەتەوە سەرپێ و بێوچان درێژەی بە خەباتەکەی لە پێناوی گەیشتن بە سەربەخۆیی داوە.

چەند مانگ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٩ی ژانویەی ٢٧٢٢ی کوردی ، بە هیمەت و تێکۆشانی چەندین حیزب و ڕێکخراو و لایەنی سەربەخۆییخواز، کە یەک لەوان یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو، توانرا بەشێک لە ئاوات و ئامانجەکانی شەهیدی ڕێبەرمان کاک سەعیدی یەزدانپەنا بێتە دی و لە پێناوی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد بە گشتی و ڕیزەکانی سەربەخۆییخوازان بە تایبەتی، هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دامەزرا.

لە وەها ڕۆژێک دا کە ٣١ ساڵ بە سەر دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێ، جارێکی تر وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهیدانمان، بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە تاکوو تروپکی ڕزگاری و سەرکەوتنی یەکجاری و گەیشتن بە سەربەخۆیی بۆ ساتێکیش لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین.

بەرز و بەڕیز بێ ساڵوەگەڕی یادی دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لە پێناوی سەربەخۆییدا

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی
١٢ی مەی ٢٠٢٢ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply