بێڕێزی کردن بە هێما نەتەوەییەکانمان، هێڵی سوورە

ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوودەدا، نەمانی ئینتیما و هەستی نەتەوایەتیە و گومان لەوە دا نییە کە دەستی دەرەکی و بە تایبەتی داگیرکەرانی کوردستان
و داردەستەکانی ئەوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پشتە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە هەرێمی باشووری کوردستان
دەربڕینی ناڕەزایەتیی مەدەنی و شارستانیانە مافی هەموو گەلێکە کە دژ بە گەندەڵی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و … بوەستێتەوە ، بەڵام
ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوودەدا، خەباتی مەدەنی و شارستانیانە نییە و ئەو پەڕی ناهۆشیاری دەگەیەنێ
بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان، هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و بێڕێزییە بە هەموو
کورد و کوردستان بە گشتی و بە خوێنی سەرجەم ئەو شەهیدانەی لە
پێناو ئازادی دا گیانیان بەختکرد
ئاگرتێبەردان و هێرش بۆ سەر پۆلیس، لە دێموکراتیکترین وڵاتان
بەرپەرچی توند دەدرێتەوە و تاوانباران دەکەونە بەر هێرشی توندی
پۆلیس و وەڵامی توندیان دەدرێتەوە
لە هەموو وڵاتانی دونیا دا بێڕێزی بە هێما و ڕەمزەکان ، سەروەریی
سنوور، خاک و نیشتمان، سروود، ئاڵا و پیرۆزییە نەتەوەییەکان هێڵی
سوورە و لادان و بێڕێزی بەم هێڵە سوورانە، دەچێتە خانەی خیانەتی
نەتەوەیی و نیشتمانی و یاسا بە توندی ڕووبەرووی دەبێتەوە و
بێڕێزیکەران سزا دەدرێن
هیچ گومانێک لەوە دا نییە کە کەموکووڕی لە دەسەڵات و
حکوومەتی باشووری کوردستان دا زۆرە و ئێستاش دوو دەسەڵاتی
زەرد و سەوز لە پێشبڕکێ و ململانیی تەسکی حیزبی و تاکە کەسی
و بە دوور لە بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی دان و هەر بۆیە خەڵک
مافی خۆیەتی داوای حەقەکەی بکا، بەڵام گەلی هۆشیار بە بێ ئەوەی
هێڵە سوورە نەتەوەییەکان ببەزێنێ، حکوومەت و دەسەڵات دەگۆڕێ و
ئاڵا و ڕمزەکان بە زیندوویی و بە بەرزی ڕادەگرێ
جەماڵ پوورکەریم
سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
3ی سەرماوەزی 2721ی کوردی
24ی نوامبری 2021ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply